جارێکیتر هاوار و گریان لە شنگال دەبیسترێت

لە رێوڕەسمێکی پڕ لە خەم و پەژارەدا، رووفاتی 25 کوردی ئێزدیی قوربانیی دەستی داعش دوای ناسینەوەیان لە پزیشکی دادی بەغدا، گەڕێندرانەوە قەزای شنگال و لە مۆنۆمێنتی قوربانییان لە سۆلاغ بە خاک سپێردران.

پەیامنێری کوردستان24 لە شنگال رایگەیاند، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری قوربانییان و خەڵکی ناوچەکە، پێشوازی لە رووفاتی 25 قوربانیی کۆمەڵکوژیی ساڵی 2014 کرا. ڕووفاتەکان زۆربەیان هی ژنان و پیاوانی بەساڵاچوو، لەگەڵ ژمارەیەک گەنج و مێرمنداڵ بوون کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگالدا دۆزرابوونەوە.

کەسوکاری قوربانییان لە لێدوانیاندا بۆ کوردستان24 ئاماژەیان بەوە کرد، دوای تێپەڕبوونی 12 بەسەر کۆمەڵکوژیی 3ـی ئابی 2014، گەڕانەوەی قۆناغ بە قۆناغی رووفاتەکان، برینەکانیان نوێ دەکاتەوە و داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەت پەلە لە پڕۆسەی ناسینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا بکەن.

خەیری ئیبراهیم، بەرپرسی رێکخراوی بەتریکۆر تایبەت بە مافی مرۆڤ لە شنگال بە کوردستان24ـی گوت: لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا، زیاتر لە 78 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، بەڵام هێشتا نزیکەی 600 ڕووفات لە فەرمانگەی پزیشکی دادی بەغدا ماونەتەوە و ناسنامەیان دیاری نەکراوە و ئەمە نۆیەمین قۆناخی هێنانەوەی رووفاتەکانە.

هۆکاری دواکەوتنی ناسینەوەی رووفاتەکانیش بۆ نەبوونی بودجەی پێویست لەلایەن فەرمانگەی پزیشکی داد و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لەگەڵ کۆچکردنی بەشێکی زۆری کەسوکاری قوربانییان بۆ دەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە وەرگرتنی نموونەی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) بە سستی بەڕێوە بچێت.

هەروەها تا ئێستاش 18 گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەی قوربانییانی ئێزدی لە سنووری قەزای شنگال هەڵنەدراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە، کەسوکاری قوربانییانیش داواکارن تەواوی رووفاتەکان لە زووترین کاتدا بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی بە خاک بسپێردرێن.