ترەمپ: دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئەمریکا و ئێران نرخی سووتەمەنی دادەبەزێت

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئێستا ئەو بڕە نەوتەی کە بە گەرووی هورمزدا دەگوزارێتەوە زیاترە لە هەموو کاتێک. گوتیشی: ئەگەر ئێران کۆتایی پێبێت بریکارەکانیشی کۆتاییان پێدێت.

پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24ـی لە واشنتن دایەوە و رایگەیاند، هەرگیز هاوپەیمانەکانیان جێناهێڵن.

ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەدا، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەمووان 100% هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئێران ئەتۆمی هەبێت کێشەیە.

لە بارەی گەرووی هورمزەوە گوتی: "ئێستا ئەو بڕە نەوتەی کە بە گەرووی هورمزدا دەگوزارێتەوە زیاترە لە هەموو کاتێک، هەروەها دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئەمریکا و ئێران نرخی سووتەمەنیش زۆر دادەبەزێت."

هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئێران کۆتایی پێبێت بریکارەکانیشی کۆتاییان پێدێت.

ئەمەش لە کاتێدایە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم ئاشکرای کردووە، لەوانەیە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێرش بکەنەوە سەر ئێران و لەناوی ببەن.