تەحسین خەفاجی: هەماهەنگیمان لەگەڵ پێشمەرگە لە ئاستێکی باڵایە

جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بە تەواوەتی کۆتایی هاتووە و هیچ سەربازێکیان نەماوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاستێکی باڵادایە و پێکەوە کار بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیوا تەحسین خەفاجی، جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژـی کوردستان24 رایگەیاند "هیچ سەربازێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق نەماوە، ئەم کشانەوەیە بەپێی رێککەوتن بووە کە چەندین ساڵە کاری لەسەر کراوە و لەسەر داخوازیی حکوومەتی عێراق بووە، بۆ ئەوەی وڵات پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت."

سەبارەت بە ئاسایشی ئاسمانیی وڵات، لیوا تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوە کرد "گرنگترین پرس کە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان کاری لەسەر دەکات و دڵنیایی لێ وەردەگرێت، پرسی بەرگریی ئاسمانییە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی و هاوردەکردنی چەکی پێشکەوتووە لە وڵاتانی خاوەن ئەزموون، بۆیە هەوڵ دەدەین لە رێگەی گرێبەستەوە سوود لە توانای وڵاتانی وەک ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کۆریای باشوور وەربگرین بۆ گەیاندنی ئەو سیستەمانە بە عێراق."

جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و رایگەیاند "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش پێکەوە کارمان کردووە و لە هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبین، بڕیارە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی وەزاری ئەنجام بدرێت و سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگەش بەشدار دەبێت، ئێمە پابەندین بەوەی هەرێمی کوردستان لە هەر هەڕەشەیەک بپارێزین، چونکە عێراق وڵاتێکی ئاشتیخوازە و کار بۆ ئارامیی خەڵکەکەی دەکات."

ئەو فەرماندە ئەمنییە دووپاتی کردەوە، بەراورد بە ساڵی 2014 سنوورەکان زۆر باشتر پارێزراون و هێزە ئەمنییەکان پڕچەک کراون: "سەرجەم هێزەکانمان بە پێشمەرگەشەوە لە باشترین دۆخدان. بە نەمانی هاوپەیمانان هیچ بۆشاییەک دروست نابێت و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هاوبەشیی ئێمە و پێشمەرگەدا نایەت، بەڵکو ڕۆژانە هەماهەنگیی مەیدانی و زانیارییە هەواڵگرییەکان فراوانتر دەبن."

سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعشیش، خەفاجی گوتی "داعش ناتوانێت هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەنجام بدات." هەروەها لەبارەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا گوتیشی، ئەمە یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆمان لەگەڵ پێشمەرگە و جەخت دەکەینەوە کە دەبێت لەو ناوچانە هێزی پێویست جێگیر بکرێت.

دەربارەی رووداوەکەی پردێ، بووە هۆی شەهیدبوونی دوو گەنجی کورد بە هەڵە لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە، تەحسین خەفاجی دڵگرانیی خۆی دەربڕی و گوتی "بەداخەوە ئەمە تەنیا رووداوێکی نەخوازراو بوو کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو گەنج لەو شارۆچکەیە، راستەوخۆش لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێنراوە."