ئەنساروڵڵا ئەوفیا: پابەندین بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا, بە فەرمی پابەندبوونی تەواوی بزووتنەوەکەی بە راگەیەنراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیاند سەبارەت بە تەواوکردنی سەروەریی نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەناو خاکی وڵاتەکە بە پێی خشتە کاتییە دیاریکراوەکان.
پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر غەراوی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "بە بۆنەی رۆژی سەروەری، پابەندبوونی خۆمان بە راگەیەنراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دووپات دەکەینەوە، لەسەر بنەمای ئەو خشتە کاتییانەی لە نێوان گرووپە چەکدارەکان، لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکوومەت لە پڕۆژەی سەروەریی تەواودا رێککەوتنی لەسەر کراوە، شانبەشانی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە پێی بەڵگەنامەی سەروەری."
ئەمینداری گشتیی ئەنساروڵڵا ئەوفیا، ستایشی هەوڵە چڕەکانی حکوومەت، سەرۆکوەزیران و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی کرد لە پێداگرییان لەسەر تەواوکردنی دۆسیەی سەروەری و دەرکردنی هێزە بیانییەکان.هاوکات جەختی کردەوە کە بزووتنەوەکەی پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە پارێزگاری لەم سەرکەوتنە بکات.
لە لایەکی دیکەوە، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئێمە پابەندبوونی تەواوی خۆمان بەو رێککەوتنەی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجامدراوە و بە ناوەڕۆکی وتاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رادەگەیەنین، بە مەرجێک لایەنی بەرامبەر پەنا بۆ پێشێلکردنی بەندە واژۆکراوەکان نەبات."
جەختی لەوەش کردەوە، سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی ئامانجی بنەڕەتییە و، قۆناخی داهاتوو پێویستی بەوەیە بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق بخرێتە پێش هەموو شتێکەوە و ناوماڵی عێراق لە هەر ئەگەرێکی دووبارەبوونەوەی ململانێ و پێکدادانی ناوخۆیی بپارێزرێت.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی نوجەبا، بە بۆنەوەی کۆتاییهاتی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: واشنتن ناچار کرا بە واژۆکردنی ئەوەی پێی دەگوترێت رێککەوتننامەی کشانەوەی هێزەکان.
نوجەبا لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا داوای کرد، بە هەموو شێوەیەک رێگری لە هەر جۆرە مانەوەیەکی داهاتووی ئەمریکا لە عێراقدا بکرێت، چ لە ژێر ناوی کۆمپانیای ئەمنی یان راوێژکار یان هەر ناوێکی تر بێت.
لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکانیدا، بزووتنەوەی نوجەبا پێداگری لەسەر ئازادکردنی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەکانی ئەمریکا کرد، لەگەڵ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هێڵی سنووریی عێراق لەگەڵ سووریا، ئوردن و کوەیت، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە سەرپەرشتیاری و دەستوەردانێکی دەرەکی.