عێراق داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات بۆ وەرگرتنەوەی زیندانیانی داعش
وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سێناتۆر ئێلیسا سلۆتکین، دۆسیەی هەستیاری ئەو زیندانیانەی داعشی تاوتوێ کرد کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە، هاوکات پرسی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت و فراوانکردنی مەشق و تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقی خستە بەر باس.
پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پیران لە واشنتنی پایتەخت لەگەڵ سێناتۆر ئێلیسا سلۆتکین کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە بوارە ئەمنی و ئابوورییەکاندا.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە ئاسۆی پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات کرا، بە ئاراستەی گۆڕینی هاوکارییەکان بەرەو ستراتیژییەتێکی خۆپارێزی، شانبەشانی بەردەوامیدان بە پڕۆگرامەکانی مەشق و راهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەرزکردنەوەی لێهاتوویی دامەزراوە ئەمنییەکان.
هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق کردەوە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەک ئەوەی لە راگەیەنەراوەکە هاتووە، دۆسیەی زیندانیانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش خرایە بەر باس، کە لە ماوەی رابردوودا لە خاکی سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە؛ لەم بارەیەوە فوئاد حوسێن پێداگریی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیە هەستیارەدا، بە تایبەتی ئاسانکاریکردن بۆ وەرگرتنەوە و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانیی پەیوەندیدار بە داعش بۆ وڵاتە رەسەنەکانی خۆیان.
هەروەها تیشک خرایە سەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەکانی هاوکاری و بونیاتنانی توانستی دامەزراوەیی.