دادگایەکی ئێران سزای 74 جەلدەی بەسەر گۆرانیبێژ پەرستو ئەحمەدی و 8 موزیکژەندا سەپاند
دادگایەکی ئێران سزای 74 جەلدەی بەسەر گۆرانیبێژ پەرستوو ئەحمەدی و 8 ئەندامی تیمەکەیدا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ لە رێگەی یوتیوبەوە کۆنسێرتێکی موزیکییان پەخش کردبوو. لە بەرامبەردا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) داوای راگرتنی دەستبەجێی سزاکەی کردووە.
دادگای تاوانەکان لە شاری قوم سزای 74 جەلدەی بۆ پەرستوو ئەحمەدی تەمەن 29 ساڵ و 8 کەسی دیکە دەرکرد، لەگەڵ قەدەخەکردنی گەشتکردن و قەدەخەی ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی هونەری بۆ ماوەی 2 ساڵ. دواتریش دادگای پێداچوونەوە لە قوم سزاکەی پەسەند کرد و بەمەش بڕیارەکە بووەتە کۆتایی و ئامادەی جێبەجێکردنە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگا، ئەو هەشت کەسە تۆمەتی "تێکدانی ئادابی گشتی"یان رووبەڕوو کراوەتەوە لە رێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی بێپەردە لە ئینتەرنێتدا.
لای خۆشییەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران بەپەلە جێبەجێکردنی سزای جەلدەکان بوەستێنن. ئەمنستی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارانە دەرخەری توندوتیژیی سیستەمی دادوەریی ئێران و بەردەوامیی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتانە، هاوکات داوای لە تاران کرد کۆتایی بە تاوانناسکردنی ئازادیی دەربڕین بهێنێت.
پەرستو ئەحمەدی لە مانگی 12ی ساڵی 2024 لە ناوچەیەکی مێژوویی لە نزیک شاری قم کۆنسێرتێکی لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب پەخش کرد، کە تێیدا بێ سەرپۆش دەرکەوت و بە تەنیا گۆرانیی دەوت. یاساکانی ئێران گۆرانیوتنی تاکی بۆ ئافرەتان لەبەردەم رایگشتیدا قەدەخە دەکەن. ئەو کۆنسێرتە نزیکەی 3 ملیۆن بینەری هەبوو، دوای چەند رۆژێک لە پەخشکردنەکەشی، ئەو گۆرانیبێژە و تیمەکەی دەستگیرکران و دواتر بە کەفالەت ئازاد کران.