ئۆپەراسیۆنی دەستیگرکردنی بەرپرسانی شارەوانییەکانی تورکیا بەردەوامە
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی ئەنقەرەدا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپراسیۆنێکیان بۆ سەر شارەوانیی "ئەیووب سوڵتان" لە ئیستانبوڵ کرد و میتحەت بوولەنت ئۆزمەن، سەرۆکی شارەوانییەکە و 27 کەسی دیکەیان دەستبەسەر کرد.
شارەوانیی ئەیووب سوڵتان سەر بە پارتی گەلی کۆماریی جەهەپە، کە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی 2024دا توانیبووی ئەم شارەوانییە بباتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتی دروستکردنی "رێکخراوی تاوانکاری"، "بەرتیلوەرگرتن و بەرتیلدان" و "گەندەڵی لە تەندەرەکاندا" ئاراستەی سەرۆکی شارەوانی و دەستبەسەرکراوانی دیکە کراوە. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنیاندا، هێزە ئەمنییەکان پشکنینیان بۆ باڵەخانەی سەرەکیی شارەوانییەکە کردووە.
ئەم دەستبەسەرکردنە لە کاتێکدایە کە رۆژی رابردووش ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوە کرابووە سەر گەورە شارەوانیی مێرسین و شارەوانییەکانی یەنی شەهیر و مەزیتلی (کە ئەوانیش سەر بە پارتی جەهەپەن) و سەرۆکی ئەو شارەوانییانەش دەستبەسەر کرابوون.