بارانی بەخوڕ و لافاو دیاربەکری باکووری کوردستانی گرتووەتەوە
شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و تەرزە پارێزگای دیاربەکر و دەوروبەری لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە، بەهۆی دروستبوونی لافاویشەوە، ئاستەنگ بۆ ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست بووە و ئاو چووەتە نێو دەیان ماڵ و شوێنی کار.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئێوارەی دوێنێوە بارانبارینی بەخوڕ و لەگەڵ تەرزە لە سنووری پارێزگای دیاربەکر دەستی پێکردووە، شارۆچکەی سلیڤان بەهۆی لێزمەبارانی بەردەوامی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و لافاو لە ناو شارۆچکەکەدا دروست بووە.
بەهۆی لافاوەکەوە، ئاو چووەتە نێو ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و دووکانی کاسبکاران، هاوکات بەشێکی زۆر لە شەقام و کۆڵانەکان ژێرئاو کەوتوون و جموجۆڵی هاووڵاتییانی پەکخستووە.
هاوکات لە ناوەندی شاری دیاربەکریش، بارانی بەخوڕ ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان دروست کردووە و لە چەندین شەقامی سەرەکیدا ئاوێکی زۆر پەنگی خواردووەتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییە کەشناسییەکان، شەپۆلی بارانبارین و تەرزەکە بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی تا کۆتایی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.