بە توندی وەڵامی هەموو دەستدرێژییەکی سەر رووسیا دەدەینەوە

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداریی دا کە وڵاتەکەی ئامادەیە هەموو جۆرە چەکێک، لەوانەش چەکی ئەتۆمی، بۆ بەرگریکردن لە خاکی رووسیا و هەرێمی کالینینگراد بەکاربهێنێت ئەگەر رووبەڕووی هێرشی راستەوخۆ ببەنەوە. لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی ناتۆ ئەم هەڕەشانەی بە زیانبەخش و مەترسیدار ناوبرد.

لە وتارێکدا لە کۆڕی ڤالدای لە مۆسکۆ، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەوروپا نییە و دەیەوێت بە ئاشتی لەگەڵیاندا بژێت، بەڵام جەختی کردەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کالینینگراد یان هەر بەشێکی دیکەی خاکی رووسیا بە بەکارهێنانی تەواوی توانای سەربازی وەڵام دەدرێتەوە.

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا، هاوپەیمانیی ناتۆ هۆشدارییە ئەتۆمییەکانی پوتینی بە نەگونجاو و زیانبەخش ناوبرد و رایگەیاند کە ئەم جۆرە هەڕەشانە هیچ یارمەتییەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان نادەن.

کالینینگراد ناوچەیەکی ستراتیژیی سەر بە رووسیایە کە دەکەوێتە نێوان پۆڵەندا و لیتوانیا و هیچ پەیوەندییەکی جوگرافیی راستەوخۆی لەگەڵ خاکی سەرەکیی رووسیادا نییە. ئەم هۆشدارییە ئاڵۆزانەی مۆسکۆ لە کاتێکدا دێن کە گرژییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئۆکرانیاوە گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز.