پاکستان، تورکیا و سعوودیە سەبارەت بە هێرشی حووسییەکان کۆدەبنەوە

وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی، تورکیا و سعوودیە سەبارەت بە هێرشی حووسییەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکەن.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان بە میدیاکانی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و گرنگی لیژنەی بەرگریی سیاسیی ستراتیژی لە چوارچێوەی رێککەتننامەی مەککە بەڕێوەدەچێت.

وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاماژەی داوە، ریاز میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش لەسەر هێرشی حووسییەکان دەبێت بۆ سەر ئەو وڵاتە.

لە 7ـی ئابی 2026، سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددە رێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش ئیمزا کرد.

ئەم هاوپەیمانییە نوێیە کە تورکیا، دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ ، پاکستان دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سعوودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان لەخۆدەگرێت، تورکیا ئاشکراشی کردووە لە داهاتوودا دەرفەت هەیە میسریش پەیوەندی بەم هاوپەیمانییە بەرگرییەوە بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەبێ ئەوەی ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان بێت لەگەڵ واشنتندا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی دابوو، رێککەوتننامەکە هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ بڕگەی بەرگریی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت؛ بە جۆرێک کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی ئەندامانی رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت، و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازیدا.

لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا بەهۆی تۆمەتبارکردنی ڕیاز بە بۆردوومانی فڕۆکەخانەی سەنعا، حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا سەپاند و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەستیانپێکردەوە.

هاوکات بەشێکی زۆری کەناراوەکانی دەریای سوور تا دەگاتە بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەمەش هەژموونی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارانەدا چڕتر بووەتەوە، کاریگەری لەسەر شادەماری هەناردەی نەوتی سعوودیە و دەروازەی سەرەکیی کەناڵی سوێسن هەبووە.