تەحسین خەفاجی: سوپا و پێشمەرگە توانای پاراستنی خاک و ئاسمانی وڵاتیان هەیە

جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان و هێزی پێشمەرگە توانای تەواویان هەیە بۆ پاراستنی خاک و سەروەریی ئاسمانی وڵات دوای کشانەوەی هاوپەیمانان. هاوکات دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف-16ـی لە ئاسمانی بەغدا رەتکردەوە و ئاشکرای کرد کە بە زووترین کات گرێبەستی کڕینی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی واژۆ دەکەن.

هەینی 2ـی تشرینی دووەمی 2026، تەحسین خەفاجی، جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لە سوپا، هێزەکانی ناوخۆ، دەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی و لەپاڵیاندا هێزەکانی پێشمەرگە، لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ئەوەی دوای چۆڵکردنی وڵات لەلایەن هاوپەیمانانەوە، پارێزگاری لە سەروەریی خاکی نیشتمان و ئاسمانی وڵات بکەن.

خەفاجی جەختی لەوە کردەوە، هیچ سەربازێکی هاوپەیمانان لەسەر خاکی عێراق نەماوە و دوا سەرباز لە 30ی ئەیلوولدا کشاوەتەوە، بەمەش ئاسایشی عێراق بە تەواوەتی کەوتووەتە دەستی هێزە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانان پێی ناوەتە قۆناخی پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای مەشق و پڕچەککردن.

دەربارەی دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی، جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەو هەواڵانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە ناڕاست و بێبنەما وەسف کرد و گوتی: وەزارەتی بەرگری بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە؛ سەرجەم ئەو فڕۆکە جەنگییانەی ئێف-16 کە لە ئاسمانی بەغدا نمایشی سەربازییان ئەنجام داوە، بە سەلامەتی فڕیون و گەڕاونەتەوە بنکەکانی خۆیان.

سەبارەت بە پڕکردنەوەی بۆشایی بەرگریی ئاسمانی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، تەحسین خەفاجی ئاشکرای کرد، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پێداگرە لەسەر بەدەستهێنانی مۆدێرنترین سیستمی بەرگری؛ بەو مەبەستەش لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا و لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی پێویست، گرێبەستی کڕینی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ چەند وڵاتێکی زلهێز واژۆ دەکرێت و مەشق بە هێزەکان لەسەر بەکارهێنانیان دەکرێت، تاوەکو رێگری لە هەر دزەکردن یان بۆشاییەکی ئەمنی لە ئاسمانی عێراقدا بکرێت.