زیاتر لە پێنج هەزار شەڕڤانی هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا کراون

لە چوارچێوەی داڕشتنەوەی پێکهاتەی سەربازی و دوای تەواوکردنی خولی تایبەت لە کۆلێژە سەربازییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا کران و لە سێ پێگەی ستراتیجیی پارێزگای حەسەکەدا جێگیر کران کە دووانیان بنکەی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوون.

لە چیای کەوکەب لە گوندەواری حەسەکە، قۆناخێکی نوێی یەکخستنی هێزەکان لە سووریا دەستی پێکردووە؛ لەو چوارچێوەیەدا، شەڕڤانانی هەسەدە دوای تەواوکردنی مەشق و راهێنانی ئەکادیمی لە کۆلێژە سەربازییەکان، لەژێر ناوی سوپای سووریادا ئەرکی نوێی سەربازی وەردەگرن. لە نوێترین پێشهاتیشدا شەڕڤانانی فەیلەقی دووەم (لیوای 30) کە لە هەزار و 300 شەڕڤان پێکدێت، لە چیای کەوکەب لە گوندەواری حەسەکە جێگیر کران.

هێزەکانی سەر بە پارێزگای حەسەکە لە سێ لیوا پێکهاتوون و بەسەر سێ پێگەی سەرەکیدا دابەشکراون، کە بریتین لە چیای کەوکەب لەگەڵ هەردوو بنکەی سەربازیی قەسرک و تەل بەیدەر؛ ئەم دوو بنکەیەی دوایی پێشتر دوو بارەگای سەرەکیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوون لە ناوچەکەدا.

هاوکات لیوایەکی دیکە بە ناوی لیوای کۆبانێ لە گوندەواری دیمەشق خەریکی مەشق و راهێنانە، بەمەش کۆی ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی تێکەڵ بە سوپای سووریا کراون گەیشتووەتە 5 هەزار و 200 شەڕڤان و پرۆسەی تێکەڵکردنی بەشەکانی دیکەش بەردەوامە.

ژمارەیەک لەو شەڕڤانانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ئاماژە بەوە دەکەن، دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕی دژ بە داعش، ئێستا بەرپرسیارێتیی سەربازییان فراوانتر بووە؛ پێشتر ئەرکیان تەنیا پاراستنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بووە، بەڵام لەم قۆناخە نوێیەدا وەک بەشێک لە سوپای سووریا، پارێزگاری لە تەواوی سنوور و خاکی وڵات دەکەن لە بەرامبەر هەر هێرش و هەڕەشەیەکدا.