نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: دەبێت کورد هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە حکوومەت و پەرلەمانی سووریا
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند؛ دوای تێکەڵبوونی هێزە سەربازییەکان لەگەڵ سوپای سووریا، دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئیدارییەکانی خۆسەریش دەچنە ژێر چەتری دامەزراوەکانی دەوڵەت، هاوکات جەختی کردەوە دەبێت زمانی کوردی و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری نوێی وڵاتەکەدا بە فەرمی بچەسپێندرێن.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن، بە کوردستان24ـی راگەیاند، نووسینگەکەیان لە پایتەختی ئەمریکا کراوەیە و کار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامە، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی سەرجەم پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان لە قۆناخی نوێی سیاسیی سووریادا.
سەبارەت بە چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، سینەم محەمەد روونی کردەوە، ئەو ئیدارەیە بۆ ماوەی نزیکەی 14 ساڵ و لە سەردەمی جەنگدا وەک دیفاکتۆ ناوچەکەی بەڕێوەبردووە، بەڵام ئێستا و دوای تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا، زۆربەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لەوانەش کەرتی تەندروستی و بەڕێوەبردن، تێکەڵ بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا دەکرێن، لە هەمان کاتدا ئەو کەسانەی لەو دامەزراوانەدا کاریان کردووە، پێگەی کارگێڕیی خۆیان دەپارێزن.
نوێنەری مەسەدە پێداگریی لەسەر گرنگیی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد کرد و گوتی: کورد بەشێکی سەرەکییە لە داهاتووی سووریا و دەبێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە حکوومەت و پەرلەماندا. لە هەمووشی گرنگتر بۆ ئێمە ئەوەیە کە دەستووری نوێی سووریا بە ڕوونی مافی کورد و تەواوی پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
سینەم محەمەد پەنجەی خستە سەر دۆسیەی زمانی کوردی و هۆشداری دا رێگە نادەن زمانی دایک لە پڕۆسەی خوێندندا پشتگوێ بخرێت و ئاماژەی دا "خەڵکی ئێمە زیاتر لە دە ساڵە منداڵەکانیان بە زمانی کوردی دەخوێنن، تەنانەت لە ئاستی پەیمانگا و زانکۆکانیشدا؛ بۆیە داواکاریی سەرەکیمان ئەوەیە کە زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبی لە دەستووردا بە زمانی فەرمی بناسێندرێت و مافە کولتووری و زمانەوانییەکانمان بە تەواوی مسۆگەر بکرێن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە گۆڕەپانی سیاسیی سووریادا دەستوور و شێوازی حوکمڕانی بەرەو داڕشتنەوەیەکی نوێ دەچێت، و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بەڵێنی داوە لە رێگەی دەستوورەوە دان بە فرەنەتەوەیی و مافە کولتووری و نەتەوەییەکانی گەلی کورددا بنێت.