زیاتر لە چوار هەزار کەس لە کۆنگۆ بە ئیبۆلا گیانیان لەدەستداوە
زیاتر لە 4 هەزار کەس لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بەهۆی نەخۆشیی ئیبۆلا گیانیان لەدەستداوە. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، لە کۆی زیاتر لە 8 هەزار حاڵەتی تووشبوونی پشتڕاستکراو، 4 هەزار و 18 کەس بەهۆی ئەو پەتایەوە مردوون.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی فەرمی حکوومەتی کۆنگۆ،وڵاتەکە رووبەڕووی حەڤدەیەمین شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ئەو ئیبۆلا بووەتەوە، لە ماوەی چەند مانگێکدا بووەتە کوشندەترین پەتای مێژووی ئەم وڵاتە ئەفریقییە و دەسەڵاتداران لە مامەڵەکردن لەگەڵ بڵاوبوونەوەکەیدا تووشی سەختی بوون. ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە لەنێو 8 هەزار و 300 تووشبووی تۆمارکراودا، 2 هەزار و 162 کەس چاکبوونەتەوە.
گرووپی ئێم 23 لەلایەن رووانداوە پاڵپشتی دەکرێت، رایگەیاند، شەش حاڵەتی تووشبوون بە ئیبۆلا، چوار مردنیان لەخۆگرتووە، لەو ناوچانە تۆمارکراون لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان لە پارێزگای کیڤوی باکوور لە باکووری رۆژهەڵاتی کۆنگۆ.
بڵاوبوونەوەی ئەمجارەی پەتاکە لە ئیتووری لە باکووری رۆژهەڵاتی کۆنگۆ دەستیپێکرد و بۆ حەوت پارێزگای دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە پەرەی سەندووە. هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە بەهۆی کەمیی سەرچاوەکان، بوونی گرووپە چەکدارەکان و نەبوونی متمانەی دانیشتووان لەو ناوچانەدا، لە ناسەقامگیرترین ناوچەکانی وڵاتەکەن، بەربەستیان بۆ دروست بووە.
پێنجشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی پێکدادانی توندی چەکدارییەوە، پرۆسەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆلا لە ئیتووری پەکیکەوتووە. ئێوارەی سێشەممە ناوەندێکی تایبەت بە تووشبووانی پەتاکە لە هەمان پارێزگا ئاگری تێبەربوو، ئەوەش دوای ئەوەی سەربازەکان چوونەتە ناو ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان و بوونەتە هۆی هەڵاتنی دانیشتووانی ناوچەکە. دەسەڵاتداران چوارشەممە رایانگەیاند، یەکێک لە دابینکەرانی خزمەتگوزارییەکان بەرپرسی دۆزینەوەی حاڵەتەکان بووە، لە هێرشێکدا بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی تەندروستی لە کیڤوی باکوور کوژراوە.
فەرەنسا کە وەزیری دەرەوەکەی، ژان نوێل بارۆ سەردانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆی دەکرد، بڕی 13.4 ملیۆن یۆرۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆلا لە نێوان کانوونی دووەم تا تەممووز تەرخانکردووە. هاوکات ئەمریکا رایگەیاند، بڕی 267 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ تەرخانکردووە.
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور پێنجشەممە رایگەیاند، یەکێک لە ئەندامانی تاقمەکەیان دوای ئەوەی تووشبوونی بە ئیبۆلا پشتڕاستکرایەوە، بۆ هۆڵەندا گواستراوەتەوە. وەزارەتی تەندروستیی هۆڵەندا روونیکردەوە، تووشبووەکە پزیشکێکە بۆ هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە رەوانەی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ کراوە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ناوەڕاستی ئەیلوولدا باسی لە نیشانەی هاندان لە پەرەسەندنی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە کردبوو، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی تەندروستیی سەر بە یەکێتی ئەفریقا پێیوایە، پەتاکە هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.