بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی شاری مامۆستایان کۆنترۆڵ کرا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشکرای کرد، ئاگرەکەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایان، بەهۆی شۆرتی کارەباوە لە نهۆمی چوارەم کەوتەەوە و تیمەکانیان توانییان لە کاتێکی پێوانەییدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و نزیکەی 40 هاووڵاتیی کە لە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵاخانەکە گیریان خواردبوو، بە سەلامەتی رزگار کران.
هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، وردەکاریی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایانئ لە هەولێر خستە روو و هۆکار و دەرئەنجامەکانی ئاشکرا کرد.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند: کاتژمێر 9:15ـی ئەمشەو ئاگادار کراینەوە کە ئاگر لە باڵەخانەی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایان کەوتووەتەوە؛ دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە لە نهۆمی چوارەم، کە شوێنی سەرەکیی راکێشانی تۆڕی کارەبای تەواوی باڵەخانەکەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوون نەبووە، تەنیا ژمارەیەک لە دانیشتووانی باڵەخانەکە بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لەلایەن تیمەکانەوە نزیکەی 40 هاووڵاتی کە لە نهۆمە جیاوازەکاندا گیریان خواردبوو، بە سەلامەتی رزگار کران.
شاخەوان سەعید تیشکی خستە سەر نەبوونی ستانداردەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکەدا و گوتی: ئەمە یەکەم جار نییە و چەندین جاری دیکەش ئاگر لە باڵەخانەکانی شاری مامۆستایان کەوتووەتەوە؛ ئێمە پێشتر چەندین جار نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و هۆشداریمان لە بوونی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لەو باڵەخانانە دابوو.
هاوکات روونی کردەوە، ئەو بەشەی لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەکە ئاگری گرتبوو، دەرگای سەلامەتیی دژە ئاگری لێ نەبوو و دەرگاکان پلاستیکی بوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئاگرەکە زۆر بە خێرایی بۆ نهۆمەکانی سەرەوە و خوارەوەی خۆی تەشەنە بکات.
سەبارەت بە هەوڵەکانی دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "تیمەکانمان لە پشکنینی بەردەوامدان و دەرگا بە دەرگای شووقەکانی باڵەخانەکە دەگەڕێن تا دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هیچ کەسێک لە ژوورەوە نەماوەتەوە و سەلامەتیی هەمووان مسۆگەر کراوە".
ئاشکراشی کرد، خێراییی گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رێگری کرد لە روودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی، بەو پێیەی مەترسیی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بۆ باڵەخانەکانی تەنیشتی لە ئارادابوو.
شاخەوان سەعید باسی لە گۆڕانکاری لە شێوازی لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران کرد و گوتی: "پێشتر لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە نووسراومان ئاراستەی پارێزگای هەولێر و قایمقامییەت دەکرد تا لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەن پڕۆژە نیشتەجێبووەکە بکەن، بەڵام ئێستا لە رێگەی هۆبەی یاساییی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە، راستەوخۆ ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر و لێپێچینەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کەمتەرخەمەکاندا دەکەین کە پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی نابن".
لای خۆیەوە د. رێزان ئەنوەر، بەڕێوەبەری کردە پزیشکیەکان لە تەندروستیی هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایان، 19 کەس پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی بوو، لەو ژمارەیەش: 5 کەس بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات بەهۆی تەنگەنەفەسی.