ترەمپ بۆ کوردستان24: هەرگیز ماندوو نابم
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24 سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی واشنتن بەرامبەر تاران، رایگەیاند کە دۆخی ئێران ئێستا بە هیچ شێوەیەک باش نییە و پلانەکانی ئەمریکا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و بەم زووانە هەنگاوی نوێ دەبینن.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە لایەن بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24ـەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی هەنگاوی داهاتووت بەرامبەر بە ئێران چی دەبێت؟، لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر ئێستا پێت بڵێم، ئەوا دەبێتە هەواڵێکی زۆر گەورە و تایبەت بۆ تۆ، وانییە؟! بەڵام خۆتان دەیبینن، هەموو شتێک زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و ئێستا دۆخی ئێران باش نییە.
پێش ئاڕاستەکردنی پرسیارەکە، سەرۆکی ئەمریکا بە گەرمی پێشوازی لە بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24 کرد و ئاماژەی بەوە دا کە "هەمیشە هەمان پرسیار لەسەر هەمان وڵات دەکات، بەڵام پیاوێکی زۆر باشە".
هاوکات کاتێک لەبارەی ماندووبوونی بەردەوامی لە بەڕێوەبردنی کارەکان و ململانێکان لێی پرسرا، ترەمپ بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: من هەرگیز ماندوو نابم؛ ئەگەر ماندوو ببم، ئەوە دەبێتە هەواڵێکی گەورە لە جیهاندا.
ئەم لێدوانەی ترەمپ بۆ کوردستان24 لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر ئاستی سەربازی و ئابووری گەیشتوونەتە لوتکە؛ ئەمریکا گوشارە ئابووری و سزاکانی لەسەر کەرتە جیاوازەکانی ئێران چڕتر کردووەتەوە و کۆنترۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز توندتر کردووە.