کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە نزیک عەمان بە مووشەکێکی نەناسراو پێککرا

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە کە کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی خاو لە نزیک کەناراوەکانی عومان بەر مووشەکێکی نەناسراو کەوتووە.

دەستەکە روونیکردەوە، رووداوەکە لە دووری نزیکەی 4 میل دەریایی لە رۆژهەڵاتی عومان روویداوە. کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاند، مووشەکەکە بەر لای چەپی کەشتییەکە کەوتووە.

سەبارەت بە دۆخی تیمی کەشتییەکە، دەستەکە جەختیکردەوە کە سەرجەم ئەندامانی تیمەکە سەلامەتن. تا ئەو کاتەی ئەم زانیارییە بڵاوکرایەوە، هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی ژینگەیی نەگەیشتووە و لایەنی بەرپرسیار لە ئاراستەکردنی مووشەکەکە نەناسراوە.

چەندین پێشێلکاریی ئەمنی لە رۆژانی رابردوودا کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتیان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج. پێنجشەممە، دەستە بەریتانییەکە رایگەیاند، کەشتییەکی دیکە لە کاتی تێپەڕبوون بە گەرووەکەدا بەر مووشەکێکی نەناسراو کەوتووە و ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتووەتەوە، بەڵام تیمی کەشتییەکە سەلامەت بوون.

چوارشەممەی رابردوو، راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کرد، سێ کەشتیی نەوتهەڵگر کە ئاڵای لیبێریا هەڵدەگرن، سێشەممەی رابردوو لە کاتی پەڕینەوەیان بە گەرووی هورمزدا بەر مووشەکی نەناسراو کەوتوون، بێ ئەوەی لایەنی بەرپرسیار لەو هێرشانە ئاشکرا بکرێت.

ئەم رووداوانە لە سایەی گرژییە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمزدا دێن، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە بڕی هەناردەکردنی گازی سروشتیی شل لە رێگەی گەرووەکەوە لە ئەیلوولدا گەیشتە بەرزترین ئاستی مانگانە، لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە شوباتی رابردوو دەستیپێکردووە.