گوتەبێژی فڵای دوبەی: لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە
داواکاریی گشتیی ئیمارات ئاشکرای کرد، یاریدەدەری فڕۆکەوانێکی کۆمپانیای 'فڵای دوبەی" لە کاتی گەشتدا بۆ ئیسرائیل، هێرشی کردووەتە سەر کاپتنی فڕۆکەکە بۆ ئەوەی بیخاتە خوارەوە و رووداوەکە "تیرۆریستی" بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 03ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات (وام) لە زاری داواکاریی گشتیی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی فڕۆکەی 'فڵای دوبەی" دەریانخستووە یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە هەوڵی جێبەجێکردنی "کردەوەیەکی تیرۆریستی" داوە.
داواکاریی گشتیی ئیمارات ئاماژەی بەوە دا، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە لەناکاو هێرشی کردووەتە سەر کاپتنی فڕۆکەکە و هەوڵی داوە کۆنتڕۆڵی ئامێرەکانی فڕین بگرێتە دەست.
لەلایەکی دیکەوە گوتەبێژێک بە ناوی کۆمپانیای "فڵای دوبەی" باسی لەوە کرد، رووداوەکەی فڕۆکەکەیان هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاندووە، هێرشبەرەکە مێشکی بە بیری توندڕەوی شۆردراوەتەوە و هەوڵی داوە فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە.
هاوکات رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی عومان بەهۆی هەبوونی بیری توندڕەوییەوە فڕینیان لەو فڕۆکەوانە قەدەخە کردبوو.
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری دوو سەرچاوەوە ئەوەی خستەڕوو، ساڵی رابردوو هێڵی ئاسمانیی نیشتمانیی عومان هەمان فڕۆکەوانی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە.
هەروەها کەناڵی "ئەلعەرەبیە" لە زاری سەرچاوەیەکەوە روونی کردەوە، هێرشبەرەکە پێشتر لە سووریا ژیاوە و رەنگە کەوتبێتە ژێر کاریگەریی گرووپە توندڕەوەکان.
رووداوەکە رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2026 لە گەشتی ژمارە FZ1073ـی هێڵی ئاسمانیی فلای دوبەی روویدا. فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ 737 ماکس بوو، لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب دەفڕی و 174 سەرنشین لەگەڵ هەشت ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی هەڵگرتبوو.
پۆلیسی سعوودییە دەستبەجێ هێرشبەرەکەی دەستگیر کرد و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەست پێکرد. لە بەرانبەر ئەم کارەدا، نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە رێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە قسەی لەگەڵ کاپتنە هیندییەکە کرد لە نەخۆشخانە و دەستخۆشی لێ کرد بۆ رزگارکردنی گیانی دەیان کەس.
هاوکات کۆمپانیای فلای دوبەی گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب راگرت و ئەنوەر قەرقاش راوێژکاری دیپلۆماسیی ئیماراتیش رایگەیاند، ئەمە کردەوەیەکی تیرۆریستیی مەترسیدار بووە.