هەوڵێکی هێرشکردنە سەر جووەکان لە بەریتانیا پووچەڵ کرایەوە
پۆلیسی بەریتانیا دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی هەبوونی پلانی تیرۆریستی بۆ هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی جووەکان لە شاری مانچستەر راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، میدیاکانی بەریتانیا و ئەوروپا لە زاری پۆلیسی بەریتانیاوە بڵاویانکردەوە، دوو کەس بە ناوەکانی "سەلام ئەحمەدیان" تەمەن 36 ساڵ، نیشتەجێی شاری لیڤەرپوول و "رەحمان ساڵحی" تەمەن 34 ساڵ، نیشتەجێی شاری سالڤۆرد دەستگیرکراون.
پۆلیس روونی کردەوە، ئەو دوو کەسە بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر جووەکان، بەڵام رۆژی 20ـی مانگی رابردوو لە شاری مانچستەر دەستگیر کران.
هێزە ئەمنییەکان گومانیان هەیە هەردوو تۆمەتبارەکە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا پەیوەندییان هەبووبێت، پێدەچێت کەسی سێیەم لە ناوخۆی ئێران بێت و رێنمایی پێدابن.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هەردوو کەسەکە هەوڵیان داوە کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمب بەدەست بهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش پەیامی نهێنی و کۆدکراویان بەکارهێناوە. دواتر پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان و پشکنینی بۆ کردوون.
لەلایەکی دیکەوە پۆلیسی بەریتانیا دڵنیایی داوە لەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر هاووڵاتییان نەماوە و پلانە تیرۆریستییەکە بەتەواوی پووچەڵ کراوەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
بڕیاریشە ئەمڕۆ شەممە، 03ـی ئەیلوول، هەردوو تۆمەتبارەکە لە دادگای "وێست مێنستەر" ببرێنە بەردەم دادوەر، بۆ ئەوەی بەڵگە و تۆمەتەکانیان ئاراستە بکرێت.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، دوو تۆمەتبارەکە لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو خاکی بەریتانیا. یەکێکیان مافی پەنابەریی وەرگرتووە و ئەوی دیکەشیان داواکارییەکەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بووە. دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە رێک لەو کاتەدا بوو کۆمەڵگەی جووەکان خۆیان بۆ جەژنی یوم کیپوور ئامادە دەکرد، کە بە یەکێک لە رۆژە پیرۆزەکانیان دادەنرێت.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو لە هەمان بۆنەی ئایینیدا، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر پەرستگەیەکی جووەکان لە باکووری مانچستەر و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا.
لە ماوەی رابردووشدا ئاستی هەڕەشەکان و هێرشە دژەجولەکەییەکان لە بەریتانیا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.