سبەی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لێدەدرێت
سبەی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کەرکووک، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی کوردی لێدەدرێت. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایدەگەیێنێت، هیچ کەموکوڕییەکیان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی داواکارییەکانیانی جێبەجێ کردووە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن ئامادەکاریی تەواو کراوە و پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە قۆناخێکی گەشەسەندوودا بەڕێوەدەچێت. ئێستا پتر لە 104 هەزار قوتابی لە قۆناخە جیاجیاکاندا لە 562 قوتابخانە و باخچەی منداڵاندا دەست بە خوێندن دەکەن.
ئەو بەرپرسەی خوێندنی کوردی روونیکردەوە، ستافێکی پەروەردەیی کە پێکهاتوون لە 8 هەزار و 200 مامۆستا و فەرمانبەر، سەرپەرشتیی پرۆسەی وانەوتنەوە و بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، لە رووی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە 1 ملیۆن و 200 هەزار کتێبی خوێندنی بۆ ئەمساڵ دابین کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو، بەڵێنی دابینکردنی 1 هەزار مێزی دانیشتنی قوتابییان و 500 وایت بۆردی بۆ پۆلەکانی خوێندن داوە.
سەبارەت بە خواست لەسەر خوێندنی کوردی، کامەران عەلی روونیکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانی خوێندنی عەرەبی روو لە خوێندنی کوردی دەکەن. ئەمەش بۆ ئەو سەرکەوتنانە دەگەڕێتەوە کە قوتابییانی کورد لە ساڵی رابردوودا تۆماریان کردووە، بەتایبەت کە رێژەی سەرکەوتنی گشتی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی سەرەتایی گەیشتە 82%ـی.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، قوتابییانی خوێندنی کوردی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێناوە. لە خولی یەکەمدا 140 قوتابی و لە خولی دووەمدا 50 قوتابی پلەی نایابیان بەدەستهێناوە و خەڵات کراون. هاوکات لە 89 قوتابخانەدا رێژەی دەرچوونی تەواوەتی لە خولی یەکەمدا تۆمار کراوە، کە ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی ستراتیژیی خوێندنی کوردییە لەو پارێزگایەدا.