فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک دەستی پێکرد؛ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە شاری دهۆک بە بەشداریی 80 جووتیار دەستی پێکرد و بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت. بەرپرسانی کشتوکاڵیش رایدەگەیەنن بەرهەمی ئەم ساڵی ترێ و هەنگوین بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری دهۆک 19ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین دەستی پێکرد و بڕیارە تاوەکو سێ رۆژی دیکە، 5ـی تشرینی یەکەم، هەمان مانگ بەردەوام بێت. 

دەرگای فێستیڤاڵەکە رۆژانە لە کاتژمێر 11:00ـی بەیانییەوە تاوەکو درەنگی شەو بە رووی هاووڵاتییاندا کراوە دەبێت. لەم فێستیڤاڵەدا 80 کەپر بۆ 80 جووتیار ئامادە کراون بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکانیان بە سەردانیکاران بفرۆشن و نمایشی بکەن. 

ئەحمەد جەمیل،  بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی بارانبارینی باش و بەهاری درێژخایەنی ئەم ساڵەوە، بەرهەمی ترێ و هەنگوین بەراورد بە ساڵی رابردوو، زۆر زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەش دا، ئەم ساڵ بەرهەمی ترێ گەیشتووەتە 80 هەزار تۆن، لە کاتێکدا پار 60 هەزار تۆن بوو، واتە 20 هەزار تۆن زیادی کردووە.

 لە بارەی بەرهەمی هەنگوینیشەوە، ئەحمەد جەمیل ئەوەی خستەڕوو، بەرهەمەکە گەیشتووەتە 300 تۆن و بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ ئەوەندە زیادی کردووە، چونکە پار تەنیا 100 تۆن بوو.

سەبارەت بە ژمارەی سەردانیکاران، ئەحمەد جەمیل باسی لەوە کرد، ساڵی رابردوو زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو، بەڵام بۆ ئەم ساڵ پێشبینی دەکەن ژمارەیەکی زۆر زیاتر روو لە فێستیڤاڵەکە بکەن.

پارێزگای دهۆک بەیەکێک لە ناوچە هەرە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و زۆرترین بەرهەمی ترێی تێدایە. بەپێی ئامارەکانی باخداریی دهۆک، لە تەواوی پارێزگاکەدا زیاتر لە 39 هەزار دۆنم زەوی بە دار مێو چێنراوە. هەروەها ناوچەکانی مانگێش و زاوێتە لە دهۆک بەناوبانگترین شوێنن بۆ بەرهەمهێنانی ترێ.

لە سنووری پارێزگاکەدا زیاتر لە 100 جۆری جیاوازی ترێ هەیە، لەوانە ترێی رەش، کەمالی، تایفی، رەشمیری و زەرك، ئەمانە لە دیارترین جۆرەکانن. 

ساڵانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکاندا هاوردەکردنی ترێ لە دەرەوە قەدەخە دەکات. 

فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بۆنەیەکی ساڵانەیە و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و هەنگەوانان، هاوکات دەبێتە هۆی راکێشانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکە. بێجگە لە فرۆشتنی راستەوخۆ، لە ئێستادا دوو کارگەی گەورەش بۆ وەرگرتنی ترێ و دروستکردنی شەربەت لە دهۆک کراونەتەوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیاران بەفیڕۆ نەچێت.