گرووپی حەوت رێککەوتنێکی نوێی بۆ خستنەڕووی نەوت راگەیاند

وڵاتانی "گرووپی حەوت" بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بڕیاریان دا، دەستبەجێ 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی ستراتیژی بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە، ئەمەش بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دابینکردنی وزە بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە.

بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە قەیرانی وزە لە جیهاندا، وڵاتانی "گرووپی حەوت" رێککەوتن لەسەر خستنەڕووی دەستبەجێی 100 ملیۆن بەرمیل دیزڵ و نەوتی خاو لە یەدەگی ستراتیژیی خۆیان. ئەم هەنگاوە خێرایە وەک کاردانەوەیەکە بەرانبەر دەرهاویشتە مەترسیدارەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر ئابووریی جیهان.

لە پاڵ ئەم بڕیارە نوێیەی "گرووپی حەوت"، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئەمڕۆ شەممە، 03ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری پاریسەوە رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە تاوەکوو ئێستا 325 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانیان لە یەدەگی ستراتیژی خستووەتە بازاڕەوە. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو 400 ملیۆن بەرمیلەدایە لە مانگی ئاداری رابردوودا بەڵێنیان دابوو.

هاوکات وڵاتانی گرووپی حەوت روونیان نەکردووەتەوە ئایا ئەو 100 ملیۆن بەرمیلە نەوتە نوێیە، ئەو 75 ملیۆن بەرمیلەش لەخۆدەگرێت لە بەڵێنەکەی پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ماوەتەوە، یان بڕێکی سەربار و جیاوازە.

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم ساڵدا، بازاڕەکانی نەوت رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بوونەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز، بەو پێیەی بەشێکی زۆری نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

 لە مانگی ئاداری رابردوودا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە گەورەترین بڕیاری خستنەڕووی نەوتی یەدەگی لە مێژووی خۆیدا راگەیاند، کە خۆی لە 400 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبینییەوە. ئامانج لەم هەنگاوە دابەزاندنی نرخی نەوت بوو پاش ئەوەی بەهۆی شەڕەوە بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمار کردبوو.