ترەمپ پێنج هەزار دۆلار دەداتە هەر گەنجێک ئەگەر کۆمارییەکان لە هەڵبژاردن ببەنەوە

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ترەمپ داوای لە نیشتمانپەروەران کرد دەنگ بە کاندیدانی پارتی کۆماری بدەن و بەڵێنی دا ئەگەر زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنن، پاداشتی دارایی بە بڕی پێنج هەزار دۆلار بە هەر گەنجێکی ئەمریکی ببەخشێت.

شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی 2026ی بە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی مێژوو وەسف کرد و داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد بەشداریی کارا لە دەنگداندا بکەن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا لەژێر حوکمڕانیی کۆمارییەکاندا بووژانەوەیەکی ئابووریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و پێویستە ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت.

سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی تایبەتی بۆ گەنجان خستەڕوو و رایگەیاند؛ لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران (سێنات)، هەر گەنجێکی ئەمریکی بڕی پێنج هەزار دۆلار وەردەگرێت، کە داهاتەکەی لە رێگەی زیادکردنی پێناسەی گومرگی بەسەر کاڵا بیانییەکان و داهاتی سیاسەتە ئابوورییە سەرکەوتووەکانی ئیدارەکەیەوە دابین کراوە.

ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆشداریی لە سەرکەوتنی پارتی دیموکرات دا و گوتی: هەرگیز ڕێگە مەدەن دیموکراتەکان سەربکەون، چونکە ئەوان دووبارە سنوورەکان بۆ کۆچبەران واڵا دەکەنەوە، پەرە بە کولتووری ترانسجێندەر دەدەن و باج لەسەر هاووڵاتییان بەرز دەکەنەوە کە دەبێتە هۆی وێرانبوونی ئابووری؛ لە کاتێکدا سەرکەوتنی کۆمارییەکان بە مانای دانانی پێنج هەزار دۆلارە لە گیرفانی هەر گەنجێکتاندا.