سەعدی پیرە: بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی دەتوێتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی تواندووەتەوە و بەم نزیکانە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجام دەدرێت. هاوکات لەسەر ئاستی ئەمنی دڵنیایی دا کە هیچ گومانێک لە توانای هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان نییە و هاوپەیمانانیش لە پشتیوانیکردنی هەرێم بەردەوام دەبن.

شەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2026، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بەستەڵەکی نێوان هەردوو هێزی سەرەکیی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو توانەوە دەچێت؛ ئاماژەی بەوە کرد دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، هەنگاوێکی ئەرێنی و کاریگەر بووە بۆ شکاندنی ئەو ساردییەی کە لە قۆناخی رابردوودا دروست ببوو.

سەعدی پیرە پێشبینی کرد لە رۆژانی داهاتوودا ئەم کەشە ئەرێنییە لە رێگەی کۆبوونەوەیەکی فەرمیی نێوان پارتی و یەکێتی بەرجەستە ببێت، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان و برەودان بە کاروانی حوکمڕانی و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.

لەلایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی ئەمنی، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لە ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم کرد و جەختی کردەوە: هیچ گومانێک لە توانست و لێهاتوویی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە.

سەعدی پیرە روونی کردەوە کە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە و دەستبەرداری پاراستنی هەرێمی کوردستان نابن، چونکە بە گوتەی ئەو، پاشماوە و مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پێش ئەوەی هەڕەشە بن بۆ سەر ناوچەکە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی رۆژئاوا و خودی هاوپەیمانان.