پەروین بوڵدان: لەم مانگەدا هەنگاوی کرداری بۆ دۆسیەی ئۆجەلان دەنرێت

پەروین بوڵدان رایگەیاند, پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕوات، بەڵام بۆ رێگری لە گەیشتن بە بنبەست پێویستە تورکیا هەنگاوی بەپەلە بنێت. ئاشکراشی کرد, لەم مانگەدا چەند هەنگاوێکی کرداری لەبارەی دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دیدارەکانی لە ئیمراڵی دەنرێت.

شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی رایگەیاند؛ تاوەکو ئەم قۆناخە رەوتی پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەنگاوی کرداری بنێن، چونکە پرۆسەی ئاشتی تەنیا بە یەک لایەن سەرناکەوێت.

بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (مەگەکە) پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی بە فەرمی پەسەند بکات و یاسای تایبەت بە چارەسەری بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات داوای کرد دەستبەجێ سیستمی دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییە کوردییەکان هەڵبوەشێندرێتەوە و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بکرێن.

سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی، پەروین بوڵدان جەختی کردەوە: تا چەند دەستی ئۆجەلان بۆ دیداری سیاسی و پەیوەندی بەستن و چالاکی ئاوەڵا بێت، بە هەمان ئاست دەتوانێت رۆڵی کاریگەرتری خۆی لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بگێڕێت. ئاشکرای کرد، هەر لەم مانگەدا هەندێک هەنگاوی کرداری لەسەر دۆسیەی ئیمراڵی و دیدارەکان دەنرێت، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر سروشتی ئەو هەنگاوانە ئاشکرا بکات.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە لە نێوخۆی تورکیادا دەنگۆی زیندووبوونەوەی گفتوگۆکان بەرفراوان بووە؛ مەهینور ئۆزدەمیر گوکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی تورکیا ئارامی، سەقامگیری و بەهێزبوونی نیشتمانی

بەدوا دێت» و کاتی ئەوە هاتووە هەمووان بە یەکگرتوویی دەست لەناو دەست بنێن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر.