عەممار حەکیم: عێراق بە شکاندنی ئیرادەی لایەنەکان بەڕێوەنابرێت

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئاشکرای کرد، بەهێزیی دەوڵەتی عێراق لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرجەم پێکهاتەکان هەست بکەن هاوبەشی راستەقینە و ڕەسەنی وڵاتەکەیانن. جەختی کردەوە، کە عێراق بە شکاندنی ئیرادەکان یان زاڵبوونی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا بەڕێوەناچێت و سەقامگیر نابێت.

شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزی عێراق لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە هەموو پێکهاتەیەک هەست بەوە بکات هاوبەشێکی رەسەنە؛ عێراق بە شکاندنی ئیرادەکان بەڕێوە نابرێت و هەرگیز بە سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

عەممار حەکیم، لە بارەی گۆڕانکارییە هەرێمییەکانەوە، ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە نێو چەقی ناوچەیەکدا دەژیت کە شایەتی وەرچەرخانی قووڵ و خێرایە. جەختی کردەوە، کە نابێت سیاسەتی دەرەوەی عێراق بگۆڕدرێت بۆ پەرچەکردار بەرامبەر بە ململانێکانی ئەوانی دیکە؛ پاراستنی سەربەخۆییی بڕیار و راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا پێویستی بە دەوڵەتێکی بەهێز و خاوەن دەسەڵات هەیە

هاوکات ئاماژەی دا کە پاراستنی پرۆسەی سیاسی تەنیا بە گوتار و قسە بە دی نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی چاکسازی و پەرەپێدانی بەردەوامەوە دەبێت، بڕیاری شەڕ و ئاشتیش تەنیا و تەنیا لە ئەستۆی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەتدایە.

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی دووپاتی کردەوە کە، هیچ سەروەرییەکی تەواو لە سایەی فرەییی ناوەندەکانی بڕیاردا نایەتە دی و هیچ دەوڵەتێکی بەتواناش بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور بونیاد نانرێت.

لە رووی ئابووریشەوە رایگەیاند: پشتبەستنی نیمچە تاکڕەوانەی عێراق بە نەوت بە خاڵی لاوازیی ستراتیژی دادەنرێت؛ لە کاتێکدا وڵات خاوەنی سامان، پێگەی جوگرافی و توانایەکی زۆرە کە شیاوی ئەوەیە سەرچاوەکانی داهاتی فرەچەشن بکات.

عەممار حەکیم، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و گوتی: ئەو ئاستە پێشکەوتووەی ئێستا لە گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا دەیبینین، رێڕەوێکی دروستە و پێویستە زیاتر پەرەی پێ بدرێت؛ چونکە هەر پێشکەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێردا بەدەستبێت، پێشکەوتنە بۆ سەرجەم خەڵکی عێراق.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەهێزیی بەغدا و سەقامگیریی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت، تاکە گەرەنتیی راستەقینەیە بۆ پاراستنی ماف و ئاسایشی هەموو عێراقییەکان بێ جیاوازی.