هێگسێت بۆ ئێران: یان دەستبەرداری ئەتۆم دەبن یان بە رێگە سەختەکە ناچارتان دەکەین
وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند؛ گەرووی هورمز بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە و گەمارۆی سەر تاران پۆڵایینە، هاوکات دوایین هۆشداریی دایە سەرکردەکانی ئێران کە دەبێت دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ببەن، ئەگەرنا بە بژاردە سەختەکە ناچار دەکرێن.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانیکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، رەتیکردەوە، ئێران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر گەرووی ستراتیجیی هورمزدا مابێت و گوتی: ئێران دەیەوێت یاری بە پرسی گەرووی هورمزەوە بکات، بەڵام ئەوان کۆنترۆڵی گەرووەکە ناکەن، بەڵکو لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە. گەمارۆکەمان بەسەر ئێراندا پۆڵایینە و هیچ شتێکیان پێ تێپەڕ نەکراوە، لە کاتێکدا هاتوچۆی کەشتیوانی لەژێر چاودێریی ئێمەدا شەوانە بە نزیکەی ئاستی پێش جەنگ بەڕێوەدەچێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس رزڤێڵت بۆ ناوچەی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) و ئەگەری زیادبوونی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ سێ کەشتی، هێگسێت رەتیکردەوە زانیاریی ئۆپەراسیۆنی ئاشکرا بکات، بەڵام جەختی کردەوە، ئەرکی ئەو فراوانکردنی بژاردە سەربازییەکانە بۆ فەرماندەی گشتی ئەمریکا تا بتوانێت لە کاتی پێویستدا بڕیاری پێویست بدات.
وەزیری جەنگی ئەمریکا راشیگەیاند، واشنتن توانای هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر و تا ئەو کاتەی پێویست بێت درێژە بە گەمارۆدانی ئێران بدات، ئەمەش هەموو بژاردەکانی تاران سنووردار دەکات، و گوتی: ئەوان هەرگیز نابنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێستا ئەو ساتەوەختەیە کە دەتوانن بڕیار بدەن بەو شێوازەی پێویستە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببن بەبێ ئەوەی هیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە مابێت، یان ئەوەتا دەبێت بە شێوازە سەختەکە رووبەڕووی ببنەوە.