ترەمپ: تاران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پاشەکشەی کردووە
"بڕیاری کۆتایی لە بارەی ئێرانەوە دەدەین"
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بەم زووانە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئێران دەدەین، چ بە رێگەی ئاسان بێت یاخود بە رێگەی سەخت. هاوکات دەشڵێت: تاران لەژێر گوشارەکاندا بە کردەیی دەستبەرداری سەرجەم پلانەکانی بووە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "من چەند بڕیارێکم لەبەردەستدایە لەبارەی ئێرانەوە و بەمزووانە دەیاندەم؛ بڕیارەکەمان چ بە ڕێگەی ئاسان بێت یان بە رێگەی سەخت، جێبەجێی دەکەین".
هاوکات دەڵێت: ئێران ئێستا وێران بووە و تاکە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بەخۆشی و بە شێوازێکی ئاسان مەرجەکان قبووڵ دەکات، یان بە ناخۆشی و سەختی؟ بەڵام چ بەخۆشی بێت یان بە ناخۆشی، ئێمە ئامانج و کارەکەی خۆمان ئەنجام دەدەین، چونکە بە هیچ جۆرێک ناکرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە، کە گوشارەکانی واشنتن ئەنجامیان هەبووە و گوتی: ئێستا ئێران بە کردەیی دەستبەرداری سەرجەم پلان و هەوڵەکانی بووە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی دیموکراتەکان و ئیدارەی پێشوو و رایگەیاند: "من بەهۆی سیاسەتە زۆر خراپەکانی دیموکراتەکانەوە، نرخی بەرز و هەڵاوسانم بۆ بەجێمابوو، بەڵام ئێستا نرخەکان دابەزیون و نرخی نەوت لە سەردەمی ئیدارەی بایدن زۆر نزمترە؛ ئەوان هیچ هەنگاوێکی کردارییان نەنا بۆ رێگریکردن لەوەی کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.