فەرەنسا بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە کەنداو پڕۆژەبڕیارێک ئامادە دەکات

109 رۆژ بەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران تێدەپەڕێت. هاوکات 218 رۆژ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو لا تێدەپەڕێت و پەرەسەندنەکان لە چەند بەرەیەکدا بەردەوامن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە میدیاکانی راگەیاند، فەرەنسا پڕۆژە بڕیارێکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە جەخت لەسەر ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان و مافی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ بەرگریکردن لە کەشتییەکانیان دەکاتەوە.

لای خۆیەوە ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران درۆنێکی لە ئاسمانی دوورگەی قشم لە باشووری ئێران خستووەتە خوارەوە.

ئاژانسی تەسنیم لە زاری راوێژکاری باڵای فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسداران گواستییەوە: "ئەمریکییەکان ئێستا لە دابینکردنی کۆگای مووشەکە بەرگرییەکانیان تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە، بەڵام ئێمە لەم دۆخەدا نین و دەتوانین بەردەوام بین لە شەڕکردن تا ئەو کاتەی پێویست دەکات".

لەلایەکی دیکەوە وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بە ئاکسیۆسی راگەیاند، وڵاتەکە ئاسانکاریی بۆ تێپەڕبوونی 1.1 ملیار بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمز کردووە. روونیکردەوە، بۆ یەکەمجار لەوەتەی ئێران دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کردووە، ئەم هەفتەیە هیچ نەوتێکی بە دەریاوە ناڕوات.

لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، ئێران نیازێکی دوژمنکارانەی هەیە و مەترسییە بۆ سەر وڵاتەکەمان و هاوپەیمانانمان. وەزیری بەرگریی بەریتانیا گوتیشی، لەندەن وەڵامی گونجاو تاوتوێ دەکات، دوای ئەوەی دەگەینە دەرەنجامی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە بنکەی فێرفۆرد.