زێلێنسکی: هێرش دەکەینە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی رووسیا
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، کیێڤ بە هیچ شێوەیەک مەدەنییەکان ناکاتە ئامانج، بەڵام لە وەڵامی سیاسەتی نوێی مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بەمەبەستی ناچارکردنی دانیشتووانی کیێڤ و شارەکانی دیکە بۆ چۆڵکردنی شوێنەکانیان، هێرشەکانیان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا چڕتر دەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا بەڵگەنامەی دەستکەوتووە کە دەیسەلمێنێت ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا سیاسەتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان پێش هاتنی وەرزی زستان پەسەند کردووە، زێلێنسکی گوتیشی "لە بەڵگەنامەکاندا زانراوە، پووتین مۆڵەت بە سوپا دەدات هێرش بکەنە سەر ژێرخانی وزە، خزمەتگوزارییەکانی لۆجستیک، رێگەوبان، قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی ئۆکرانیا، ئەمەش بە ئامانجی گوشارخستنە سەر خەڵک بۆ ئەوەی پایتەخت و شارە جیاوازەکان چۆڵ بکەن".
بەگوتەی سەرۆکی ئۆکرانیا، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنەی رووسیا ئەوەیە پووتین دەیەوێت لەو کاتەی سوپاکەی لە ناوچەیەکی ستراتیژیی هێڵی بەرگری خاک لەدەست دەدات و زیانی مرۆیی زیاتری پێ دەگات، وەک سەرکردەیەکی بەهێز دەربکەوێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا بۆ هاندانی هاووڵاتییە بیانییەکان بە مەبەستی جێهێشتنی کیێڤ رایگەیاند، مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنی ئامانجەکان وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند مانگی رابردوودا ئۆکرانیا کردوویەتییە سەر رووسیا، هەردوو لا رەتیدەکەنەوە ئامانجیان مەدەنی بێت.
زێلێنسکی ئاشکرایکرد، ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا کە ناوی نهێنیی ڤیڤاڵدی لێنراوە بەردەوامە و هێزەکانیان توانیویانە دەست بەسەر نزیکەی 140 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دابگرنەوە، کە ئەو ناوچەیەیە رووسیا کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی بە مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێکی ئاشتی داناوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵیداوە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی چوار ساڵە بەردەوامە و گەورەترین قوربانیی لە ئەوروپا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لێکەوتووەتەوە، زیندوو بکاتەوە، مانگی رابردوو ترەمپ داوای لە ئۆکرانیا کرد خۆی بەدوور بگرێت لە بۆردومانکردنی دامەزراوە نەوتییەکانی رووسیا، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد، هیچ ئاماژەیەکی لە رووسیاوە پێنەگەیشتووە کە پووتین خوازیاری گفتوگۆی ئاشتی یان تاوتوێکردنی ئاگربەست بێت لەسەر بنەمای ژێرخانی وزە، هەفتەی رابردوو رووسیا بە درۆن هێرشی چڕی کردە سەر دامەزراوەکانی وزەی کیێڤ، پەیوەندییەکان، رێگەوبان و هێڵی ئاسنین، هەروەها رووسیا بۆ یەکەمجار پردەکانى سەر رووباری دنیپرۆى کردە ئامانج کە رۆژهەڵاتی کیێڤ بە رۆژئاواکەی دەبەستێتەوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردەوە وەڵامیان بۆ گۆڕانکاریی لە رێکارەکانی مۆسکۆ دەبێت، بەڵام وەڵامەکەیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان نابێت وەک ئەوەی رووسیا دەکات. زێلێنسکی گوتیشی "پێویستە بە هەر رێگەیەک بۆمان بکرێت وەڵام بدەینەوە، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی وزەمان، پێویستە وەڵامی کەرتی وزەکەیان بدەینەوە. لە سەرووی هەموویانەوە پاڵاوگەکانی نەوت، چونکە ئەو پاڵاوگانەن پارەی پێویست بۆ جەنگەکەیان دابین دەکەن. بەڵام ئێمە وەک ئەوان نابین و هێرش ناکەینە سەر ئامانجە مەدەنییەکان".