بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان پرۆسەی خوێندن لە کەرکووک دەستیپێکرد
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ساڵی نوێی خوێندن لە سەرانسەری عێراق دەستی پێکرد و دەرگای زیاتر لە 124 هەزار قوتابخانە بەڕووی زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابیدا کرایەوە. لەم پرۆسەیەدا، دەستپێکی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک رەنگدانەوەیەکی تایبەتی هەبوو و متمانە و سەرکەوتنێکی جیاواز تۆمار دەکات.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان پێشوازییان لە پرۆسەکە کرد. بەگوێرەی ئامارەکان، لە کەرکووک زیاتر لە 104 هەزار قوتابی لەناو 562 قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا، لەلایەن 8 هەزار و 200 مامۆستاوە پێشوازییان لێ کرا. ئەم ئامادەباشییە فراوانەش دوای ئەوە هات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی بە دابینکردنی ملیۆنێک و 200 هەزار کتێب و پێداویستیی جۆراوجۆر، پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانە بگەیەنێتە ئاستی ئامادەباشیی تەواو.
لەلایەکی دیکەوە، تۆمارکردنی رێژەی سەرکەوتنی 82% و بەدەستهێنانی پلەکانی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق لەلایەن قوتابیانی کوردی ئەو ناوچە جێناکۆکانە، بووە هۆی ئەوەی کە بە لێشاو قوتابییان لە قوتابخانە عەرەبییەکانەوە بەرەو پۆلە کوردییەکان بگەڕێنەوە؛ هەنگاوێک کە بە وتەی چاودێران، سەلمێنەری توانستی بەرزی پەروەردەیی و متمانەی پتەوی خێزانەکانە بە کەرتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.