هۆزەکانی بەیزا بۆ هاووڵاتییان: دژی حووسییەکان چەک هەڵگرن
پارێزگای بەیزا لە ناوەڕاستی یەمەن کەوتووەتە ئامادەباشییەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هۆزەکانی ئەو پارێزگایە بانگەوازی گشتییان دژی حووسییەکان راگەیاند.
رامی عەوازی، شێخی هۆزی ئال عەواد پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی بەیزا کرد: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان خۆتان ئامادە بکەن و بچنە ریزی سوپای یەمەنەوە".
ئیبراهیم جەبری، شێخی هۆزەکانی ئال غونەیم لە قیفەی خواروو، دانیشتووانی بەیزا هان دا ریزەکانیان یەکبخەن و بۆ بەرەکانی جەنگ دژی حووسییەکان دەست بە جووڵە بکەن. جەبری داوای لێکردن بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بۆ گێڕانەوەی خاکیان جێبەجێ بکەن.
پارێزگای بەیزا بە گرێکوێرەیەکی جوگرافی و پێوەرێکی سەربازیی گرنگ دادەنرێت، چونکە راستەوخۆ بە چەند پارێزگایەکەوە بەستراوەتەوە، لەوانە مەئریب، شەبوە و ئەبیەن.
ئەم بانگەوازانە بۆ هەڵگرتنی چەک، هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی یەمەن لە شەممەی رابردوو، سەبارەت بە دەستپێکردنی رێکارە پراکتیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری گەیاندنی گشتی و نەفیری کۆمەڵایەتی. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتییە.
پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی یەمەن و حووسییەکان لە تەعز و لەحج لە باشووری رۆژئاوای یەمەن بەردەوامن. فڕۆکە جەنگییەکانی یەمەنیش هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە سەنعا.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، نەخشەی کۆنترۆڵ لە یەمەن گۆڕانکاریی بەخۆوە بینیوە. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان بووە، پاش ئەوەی حووسییەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوا پێشڕەوییان کرد و دەستیان بەسەر موخا و چەند پێگەیەکی ستراتیژیی دیکەدا گرت، لە نێویاندا دوورگەی میون کە دەکەوێتە دەروازەی گەرووی بابولمەندەب.