دەم پارتی: بۆ جێبەجێکردنی دیموکراسی پێویستە پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردنی دیموکراسی، دەبێت پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی نزیک لە پارتەکەی، روانگە و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان خستەڕوو.
باکرهان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا بانگەوازی ئاراستەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد و گوتی: پرسی کورد کاریگەری لەسەر تەواوی کێشەکانی تورکیا هەیە، بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت، جووڵەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لاوازە و لە گەڕەکی خۆیان دەرناچن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی تیشکی خستە سەر دۆخی سووریا و مافەکانی کورد و گوتی، دەبێت سەرجەم مافەکانی کورد دانیان پێدابنرێت و مانەوەی هێزە کوردییەکانیشی لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بە گرنگ زانی.