ئەڵمانیا و ئۆکرانیا رێککەوتنێکی سەربازییان واژۆ کرد

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ کردووە بۆ دابینکردنی درۆن و کەرەستەی سەربازی لەگەڵ پشتگیریکردنی سێکتەری وزە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کیێڤ بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی پشتیوانییەکانی ئەوروپا.

یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئەڵمانیا و وڵاتەکەی لەسەر رێککەوتنێکیان بە بەهای 1.5 ملیۆن دۆلار واژۆ کردووە.

زێلێنسکی ئاماژەی داوە، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا رێککەوتنەکە دابینکردنی درۆن و کەرەستە سەربازییەکان لە خۆ دەگرێت، هاوکات ئەڵمانیا پشتگیری سێکتەر و ژێڕخانی وزەی ئۆکرانیا دەکات؛ کە لەم دوایانە بە مەبەستی بڕینی کارەبا و پێداویستییەکانی تایبەت بە گەرمکردنەوەی لە زستاندا رووسیا هێرشیان کردووەتەوە سەر.

ئەمەش لە کاتێکدایە، فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی پشتگیری ئەوروپا بەرانبەر زیادکردنی هێرشەکابنی ئەم دواییەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە سەردانێکی رانەگەیندراو گەیشتە کیێڤ، هاوکات لەگەڵ سەردانەکە زەنگی ئاگەدارکردنەوەی لە تەواوی شارەکە بیستراوە.

زێلێنسکی، پاشماوەی هێرشەکانی رووسیای بۆ سەر دامەزراوەیەکی ئەکادیمی پیشانی مێرتزی دا و راوێژکاری ئەڵمانیا لەو بارەوە گوتی: بەم هێرشە بۆمان دەردەکەویت، کە ئەو جەنگە زۆر بێمانەیە.

مێرتز باسی لەوەش کرد، دەبێتە ئەو هێرشە دڕندانە بۆ سەر هاووڵاتییان بوەستێن؛ ئەوەی لێرە رۆژانە دەگوزەرێت، تاوانی جەنگە.