ئەکسیۆس: ئەمریکا زانیاریی هەواڵگری دەداتە سعوودیە بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجی حووسییەکان
پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، سەرەڕای رەتکردنەوەی بەشداریی راستەوخۆ، ئەمریکا زانیاریی هەواڵگری دەداتە سعوودیە بۆ هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی یەمەن دژی حووسییەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی بابولمەندەب و سەنعای پایتەخت.
یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکی بڵاو کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی واشنتن داواکارییەکەی سعوودیەی بۆ هێرشکردنە سەر حووسییەکان رەتکردووەتەوە، بەڵام لە رووی دابینکردنی زانیاری و دەستنیشانکردنی شوێنی ئامانجەکان هاوکار دەبێت.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی داوە، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەشداریکردنی هێرشەکان بۆ سەر حووسییەکان زۆر دوو دڵ بوونە، چونکە پێیان وابووە، چوونە نێو ئەو جەنگە، دەبێتە هۆی ئەوەی سەرنجیان لەسەر جەنگی ئێران نەمێنێت.
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، راستە ئەمریکا ئێستا هیچ کردەوەیەکی سەربازی لە یەمەن ئەنجام نادات، بەڵام جەختی کردەوە رەنگە بە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە هەڵوێستیان بگۆڕدرێت.
بەرپرسەکە گوتیشی، رۆژی پێنجشەممە شازادە خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعوودیە پەیوەندی بە پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکاوە کردووە بۆ ئەوەی زانیاریی بداتێ لەسەر ئۆپەراسیۆنە پلان بۆ داڕێژراوەکە و دووبارە داوای هێرشی ئاسمانی ئەمریکای کردووە دژی ئامانجەکانی حووسییەکان.
رەشاد عەلیمی, سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەمەن، لە گوتارێکدا ئاماژەی دا، هێزەکانی وڵاتەکەی بە مەبەستی گرتنەوەی خاکە داگیرکراوەکان هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەمەن گوتیشی: ماندووبووین ئەوەندەی دەرفەتی دیپلۆماسی بە حووسییەکان بدەین.
ئەکسیۆس لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکەی حکوومەتی یەمەن، گرتنەوەی گەرووی ستراتیژی بابولمەندەبە، کە رێڕەوێکی ئاوی جیهانییە و شادەماری هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە؛ کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر ناوچەکانی کەناراوەکانی دەریای سوور لە نزیک تەنگەکەدا گرت، ئەمە دەسەڵاتێکی بەرچاوی پێبەخشین، هاوکات بۆ ئێران کە پاڵپشتییان دەکات، بۆ گوشارخستنەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوپەیمانەکانی لە کەنداو و ئابووری جیهان.
ئەم هێرشە بۆ چەندین هەفتە بوو لەلایەن حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی یەمەن و سعوودیە پلانی بۆ داڕێژرابوو، دەیان هەزار سەربازی زەمینی سەر بە حکوومەتی یەمەن بەشدارن؛ سوپای سعوودیە بەرگریی ئاسمانی بۆ هێزەکانی یەمەن دابین دەکات و هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئامانجەکانی حووسییەکان.
ئەکسیۆس راشیگەیاندووە، ئامانجەکە رزگارکردنەوەی سەنعای پایتەختی یەمەنە، کە چەندین ساڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی حووسییەکاندایە؛ بەتایبەت کە ئەوان لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بوون لە هەڵدانی مووشەک بۆ سەر ئامانجەکانی سعوودیە، لەوانەش بۆ سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ.