یەکەم گەشتی راستەوخۆ لە کەرکووکەوە بۆ قاهیرە دەستیپێکرد
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک دەستپێکردنی یەکەم گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی لە کەرکووکەوە بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر رایگەیاند.
یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فڕۆکەخانەکەدایە بۆ فراوانکردنی تۆڕی گەشتە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی جموجۆڵی گواستنەوەی ئاسمانی بۆ پارێزگاکە.
هاوکات کردنەوەی هێڵی ئاسمانیی کەرکووک - قاهیرە، دەرفەتی گەشتی راستەوخۆ بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنێت و پەیوەندیی ئاسمانی لەنێوان ئەو دوو شارە پتەوتر دەکات. ئەم پڕۆژەیە وەک وێستگەیەکی گرنگ لە پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکە هەژمار دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک جەختدەکاتەوە لەسەر بەردەوامیی کارکردن بۆ پەرەپێدانی تۆڕی گەشتەکان و پێشوازیکردن لە گەشتی نێودەوڵەتیی زیاتر. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە دابینکردنی بژاردەی فراوانتر بۆ گەشتیاران و بەرزکردنەوەی پێگەی فڕۆکەخانەکەیە وەک ناوەندێکی گرنگی ئاسمانی لە ناوچەکەدا.