لۆرد ئاشکرۆفت: هیوادارم گەلی کورد بگاتە خەونی مەزنی سەربەخۆیی

لۆرد مایکل ئاشکرۆفت، سیاسەتمەدار و بازرگانی دیاری بەریتانی دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر ئاشکرای کرد، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵیان لەسەر مەترسییەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەربڕیوە؛ بە جۆرێک سەرۆک بارزانی هۆشداریی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سەرهەڵدانەوەی داعش داوە و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش جەختی کردووەتەوە بەغدا رێگرییان لێ دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە درۆنییەکان بەدەستبهێنن.

شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لۆرد مایکل ئاشکرۆفت، ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا، دوای سەردانێکی چوار رۆژەی بۆ هەولێر، لە وتارێکدا سەرنجی لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا خستەڕوو.

ئاشکرۆفت لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی نووسیویەتی: سەرۆک بارزانی، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هاوکارییەکانی مێژوویی بەریتانیا و رۆژئاوا، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە توندڕەوەکان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە بدەن و پێی گوتم: ترسم لەوەیەم سیناریۆی هاتنی داعشی ساڵی 2014 دووبارە ببێتەوە، بەڵام جەختیشی کردەوە، ئەگەر ناچار بین بەرگری لە خۆمان بکەین، تا کۆتا هەناسە دەجەنگین.

لە درێژەی وتارەکەیدا، لۆرد ئاشکرۆفت باسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و نیگەرانییەکانی سەرۆکوەزیرانی لەبارەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان گواستووەتەوە کە تەنانەت لە مانگی ئابدا شوێنی مانەوەی خۆیشی بە درۆن کراوەتە ئامانج.

بەگوێرەی وتارەکە ئاشکرۆفت، مەسرور بارزانی پێی ڕاگەیاندووە: ئێمە داوای خێر و بەخشین یان هێنانی هێزی سەربازیی بیانی ناکەین، بەڵام لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانی و درۆنییەکاندا بە تەواوی بێبەرگرین؛ حکوومەتی عێراق نە خۆی بەرگریی ئاسمانیمان بۆ دابین دەکات و نە رێگەش دەدات خۆمان بیکڕین.

هەروەها ئاشکرۆفت ئاماژەی بە قسەیەکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، لەبارەی دۆخی عێراق گوتوویەتی: سوننەکان لە رابردوو دەترسن، شیعەکان لە داهاتوو دەترسن، بەڵام کورد لە رابردوو، ئێستا و داهاتووش دەترسێت.

سیاسەتمەدارە بەریتانییەکە سەرسامیی خۆی بە ئاستی ئاوەدانی، گەشەی ئابووری، فرەکولتووری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەولێر نیشانداوە و بە مێرگێکی ئارام و مۆدێرن لەنێو گێژاوی ناوچەکەدا ناوزەندی کردووە، و لە کۆتاییشدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ مافی رەوای گەلی کورد لە دیاریکردنی چارەنووس و گەیشتن بە سەروەریی نیشتمانی دووپاتکردووەتەوە.