روونکردنەوەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سەفین دزەیی هیچ لێدوانێکی دەربارەی بڕینەوەی داری نەکردووە لە ناوچە سنوورییەکان و دەشڵێت، تەواوی ئەو لێدوانانەی بەناوی بەرپرسی فەرمانگە بڵاوبۆتەوە هیچ بنەمایەکی راستی نییە و دروستکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی بڵاویکردەوە، چەند رۆژێکە بە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست لە هەندێ لە ماڵپەڕو پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لێدوانێک بەناوی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت سەبارەت بە بڕینەوەی دار لە ناوچە سنووریەکان لەگەڵ کۆماری تورکیا بڵاوبۆتەوە، گوایە بڕینەوەی دارەکان بە ئاگاداری حکوومەتی هەرێمە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، تەواوی ئەو لێدوانانەی بەناوی بەرپرسی فەرمانگە بڵاوبۆتەوە هیچ بنەمایەکی راستی نییە و دروستکراوە، لەم ماوەیەدا هیچ لێدوانێکی لەم جۆرەی نەداوە.

فەرمانگەکە رایگەیاندووە، پێنج ساڵ لەمەوبەر سەفین دزەیی دەربارەی بڕینەوەی دار لە ناوچە سنوورییەکان لێدوانی هەبووە و ئەمەش دەقی لێدوانی ئەوکاتی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە “داربڕینەوە كارێكی ناڕەوا و ناپەسەند و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپـلۆماسی و دراوسێتی و بە هەموو شێوەیەك قبوڵكراو نییە، ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان بە چەندین رێگای تایبەت و فەرمی ئاراستەی لایەنی توركی كردووە”.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، “هیوادارین هەندێ ماڵپەڕو پلاتفۆرم ووردتر لێدوان و هەواڵ بڵاوبکەنەوە، با نەبنە سەکۆیەک بۆ شێواندنی راستیەکان و دروستکردنی بێمتمانیی لە کۆمەڵگا”.