هاوپەیمانیی عەرەبی: ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی حووسییەکان بەردەوام دەبێت

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانی لە شەرعیەت لە یەمەن بە سەرۆکایەتیی سعوودیە رایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای یەمەن و کۆتاییهێنان بە کودەتای حووسییەکان بەردەوام دەبێت، هاوکات جەختی کردەوە، ریاز مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکانی سەر خاکەکەی بداتەوە و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی بابولمەندەبدا مسۆگەر بکات.

یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی عەرەبی، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی تەواوی ئۆپەراسیۆنی بۆ سوپای یەمەن و حکوومەتی شەرعیی ئەو وڵاتە لە سەرجەم میحوەرەکاندا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەپێنراوی گرووپی حووسی و گێڕانەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەت.

گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی ئاماژەی بە هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعوودیە کرد و رایگەیاند، بەئامانجگرتنی شوێنە پیرۆزەکان و هێرشی بەردەوام بۆ سەر شارە مەدەنییەکانی وەک ریاز، یەنبەع، ئەبها، خەمیس مشیت، جازان، نەجران و تائیف، لە پاڵ پەلاماردانی کەشتییە بازرگانییەکان لە باشووری دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، وادەکات کە هاوپەیمانان بەردەوام بن لە گرتنەبەری رێکاری سەربازیی توند بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە.

مالیکی پێداگریی لەسەر مافی دەستووری و سروشتیی سعوودیە کردەوە لە بەرگریکردن لە سەروەریی خاکی خۆی، هاووڵاتییان، نیشتەجێبووان و پاراستنی حەرەمە پیرۆزەکان. هەروەها دووپاتی کردەوە، ئاسایشی دەریایی لە گەرووی بابولمەندەب پرسی پاراستنی شادەماری ئابووری و بازرگانیی نێودەوڵەتییە و رێگە نادرێت حووسییەکان ئاسایشی ئاویی ناوچەکە بخەنە مەترسییەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی سەرنجی خستە سەر پێشێلکارییە ناوخۆییەکانی حووسییەکان بەرامبەر گەلی یەمەن، لەوانە سەپاندنی گەمارۆ، کۆچپێکردنی زۆرەملێ، برسیپێکردن، تاڵانکردنی سەرچاوەکان لەژێر ناوی تێچووی جەنگ، و چەکدارکردنی منداڵان، و بە تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی ناوزەندی کردن.