سوپای ئیسرائیل: گومانلێکراوێکمان لە باشووری سووریا کوشت

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گومانلێکراوێکیان کوشتووە، پاش ئەوەی هەوڵیداوە بچێتە ناو بنکەیەکی سەربازی لەو ناوچە ئەمنییەی لە باشووری سووریا کۆنترۆڵیان کردووە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، سەربازانیان چاودێریی ئەو گومانلێکراوەیان کردووە کە ویستوویەتی بچێتە ناو پێگەیەکی سەربازی لەنێو ناوچە ئەمنییەکەدا.

سەربازان پاش دیاریکردنی ئامانجەکە بە خێرایی، تەقەیان لە گومانلێکراوەکە کردووە و کوشتوویانە. سوپا دووپاتیکردەوە، هیچ زیانێکی گیانی بەر ریزەکانیان نەکەوتووە.

دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە دابڕاوەکەی نزیک لە بەرزاییەکانی جۆلان پێشڕەوییان کردووە و گەیشتوونەتە چیای شێخ، کە سنووری نێوان لوبنان و سووریایە. ئیسرائیل پلانی هەیە ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە باشووری سووریا دروست بکات.

بەرپرسانی ئیسرائیل جەختدەکەنەوە، هێزەکانیان نیازی کشانەوەیان لەو ناوچەیە نییە.

لەو کاتەوە ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سووریا، کە زۆربەیان ئامانجە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئامانجی ئەو هێرشانە رێگریکردنە لەوەی دەسەڵاتە نوێیەکان دەستیان بەسەر جبەخانەی سوپای پێشوودا بگرن.