سوپای یەمەن: زیاتر لە هەزار هێرشمان کردە سەر حووسییەکان

هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندا بوون، راگەیاند. لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکان زیاتر لە 1000 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی ئەو گرووپە بەڕێوەبردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەجید نزیلی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان 1122 ئۆپەراسیۆنی وردیان بۆ سەر مۆڵگەکانی تۆپهاوێژ، مووشەکهاوێژ، سەنگەرە بەرگرییەکان، رێگەکانی هاتوچۆ و گەیاندن، هێڵەکانی دابینکردنی چەک، هێزەکانی پشتیوانی، کۆبوونەوە سەربازییەکان و ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی حووسییەکان بەڕێوەبردووە.

نزیلی روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان چەندین میحوەر لە بەرەکانی سەعدە، جەوف، تەییز و کەناراوەکانی گرتووەتەوە. چالاکییە سەربازییەکان فڕۆکەی جەنگی، درۆن، تۆپهاوێژ، مووشەک و قەناس بەدەستیشی لەخۆ گرتووە.

گوتەبێژەکە ئاشکرایکرد، بەگوێرەی ئامارە مەیدانییەکان، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بووەتە هۆی کوژرانی 1,747 چەکداری حووسی و لەناوبردنی 364 ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی و ئامرازەکانی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان.

هەروەها جەختیکردەوە، هێزە چەکدارەکان بە جیددییەتەوە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەمەبەستی رزگارکردن و گێڕانەوەی خاکی دەوڵەت و دامەزراوەکانی.

پێشتر رەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەن، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانە راگەیاندبوو کە لەژێر دەستی حووسییەکاندا بوون.

مانگی رابردوو حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی یەمەن چڕکردەوە و پێشڕەوییان بەرەو کەناراوەکانی دەریای سوور و ناوچەی بابولمەندەب کرد، کە رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتهڵگرەکان.

دوای چەند ساڵێک لە ئارامیی، رووبەڕووبوونەوەکان لە یەمەن لە مانگی تەممووزی رابردووەوە دەستیان پێکردەوە. ئەمەش بەهۆی تێکچوونی ئەو ئاگربەستەی ساڵی 2022 لەنێوان حووسییەکان و حکوومەتی شەرعی واژۆ کرا بوو، لە کاتێکدا ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەرفراوان بووە.