حکوومەت ژمارەیەک گەنجی دیکە لە لیبیا دەگەڕێنێتەوە

لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی 11 گەنجی کورد لە وڵاتی لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، هاوکات هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ دۆزینەوەی 10 گەنجی دیکەی دەڤەری راپەڕین.

ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای گەیشتنی هەواڵی دیارنەمانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە وڵاتی لیبیا، راستەوخۆ لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران دەستبەجێ رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و رزگارکردن و هێنانەوەیان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئێستا تەواوی رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە 11 هاووڵاتی تەواو بووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو کۆشش و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و بەدواداچوونی 10 هاووڵاتیی دیکەی دەڤەری راپەڕین چڕکردووەتەوە، کە ماوەیەکی زۆرە لەو وڵاتە دیارنەماون، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی ئەم راگەیەنراوەوە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خێزانەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم جۆرە کۆچە نەک تەنیا مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی سەرپێچیی یاسایی لە وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت، هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەڕووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە بەشێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە زیندانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بەردەوام رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا، بەشێکی زۆر لە گەنجانی کورد، بەتایبەتی دانیشتووانی دەڤەری راپەڕین، لەرێگەی وڵاتی لیبیاوە هەوڵی کۆچکردنیان بۆ ئەوروپا داوە. ئەم رێگەیە بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی کۆچ دادەنرێت، تێیدا کۆچبەران رووبەڕووی دەستگیرکردن لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی لیبیا و رفاندن لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەبنەوە.