لە پارێزگای ورمێ هەزاران تۆن سێو پێش وادەی رنینەوە وەریون

لە پارێزگای ورمێ هەزاران تۆن سێو پێش وادەی دیاریکراوی رنینەوە، لە دارەکان وەرینیان بەخۆوە بینیوە. ئێستا لە رێگای نێوان زۆرینەی شارەکانی ئەو پارێزگایە، هەزاران تۆن سێوی کەوتوو لە بن دارەکان دەبینرێن.

ئەو بەرهەمە کە بە سێوی بن دار یان سێوی باوەرێن ناسراوە، بە نرخێکی هەرزان لە خاوەن باخەکان دەکڕدرێتەوە. دواتر ئەو سێوانە بە بارهەڵگری گەورە دەگوازرێنەوە بۆ کارگەکانی شارەکانی دیکەی ئێران، تا وەک خاوی شەربەت و بەرهەمی دیکەی خۆراکی بەکاربهێنرێن.

سەبارەت بە شێوازی کۆکردنەوەی بەرهەمەکە، عارف قەمە، کاسب بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەو کاسبکار و دەڵاڵانەی سێوی باوەرێن لە خاوەن باخەکان دەکڕن، خۆیان بەرهەمەکان لە بن دارەکان کۆ دەکەنەوە و دەیگوازنەوە بۆ قەراغ رێگاکان، تا لەوێوە لە بارهەڵگرەکان باری بکەن.

بەگوێرەی ئامارەکان، پارێزگای ورمێ ساڵانە لە نێوان 300 تا 450 هەزار تۆن سێوی باوەرێنی هەیە. ئەم بڕە پێداویستیی دەیان کارگەی ئاومیوە و شەربەت لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران دابین دەکات.

تەیب باپیر، کاسب لەو بارەیەوە گوتی: پارێزگای ورمێ خاوەنی 74 هەزار هێکتار باخی سێوە. سەرەڕای ئەو بڕە زۆرەی سێوی باوەرێن کە وەک خەسارەی باخەکان دێتە ئەژمار، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەو پارێزگایە زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار تۆن سێوی بەرهەم هێنابێت.

بەرهەمی سێوی ورمێ، جیا لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی پارێزگاکە، بەشێکی زۆری بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران و وڵاتانی دەرەوە هەناردە دەکرێت.