وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە شێوازی تاقیکردنەوەکان دەکات
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە لە ساڵانی داهاتوودا گۆڕانکاری تەواو لە شێوازی تاقیکردنەوە و هەژمارکردنی نمرەکان بکات و ئەو سیستەم و شێوازەی ئێستا هەیە بیگۆڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەوبارەیەوە نوردین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24 ـی راگەیاند، پلانی گۆڕانکاری لە سیستەم و شێوازی تاقیکردنەوە و هەژمارکردنی نمرەی قوتابییان هەیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەبێت و هیچ گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.
گوتیشی: ئەمساڵ سیستەمە نوێیەکە لە 24 قوتابخانەی جیاوازی سنووری هەر 24 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە تاقی دەکرێتەوە و لایەنە باش و خراپەکانی دەخرێنەڕوو. ئەگەر سیستەمەکە سەرکەوتوو بوو لە ساڵانی داهاتوودا پەسەند دەکرێت و کاری پێدەکرێت. دەشڵێت، ئێستا تاقیکردنەوەکان وەرزین و لەسەر 20 دەکرێن و 20 نمرەی لای مامۆستایە و دەیانەوێت شێوازێکی باشتر و پێشکەوتووتر پەیڕەو بکەن.
تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا وەرزین و نمرەکان بەوشێوەیە هەژمار دەکرێن، 20 نمرە بۆ تاقیکردنەوەی وەرزی، 20 نمرەی لەلایەن مامۆستاوە دادەندرێت و 60 نمرە بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵە.