قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە گەرمیان دەستپێدەکات

لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە گەرمیان دەستپێدەکات و داواکاری فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکانیش جێبەجێ دەکرێت.

لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بەشێک لە فەرمانبەران نیگەران بوون و بەشێکی دیکە داوایان کرد لە سنووری دیکە زەوییان پێبدرێت. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە سەدا 50 ـی فەرمانبەران زەوییان وەەرگرتووە.

سەبارەت بە داواکاری فەرمانبەران قسەمان لەگەڵ ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان کرد و بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بەگشتی 22 هەزار فەرمانبەری سنوورەکەیان ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و هەموو مەرجەکانیان تێدایە.

تاوەکو ئێستا لە کفری و کەلار و رزگاری زەوی بەسەر 11 هەزار فەرمانبەر دابەشکراوە، بەشێوەیەک پێنج هەزار زەوی لە کەلار، 2400 زەوی لە رزگاری و 2138 زەوی لە کفری دابەش کراون. گوتیشی، ئامادەکاری تەواو کراوە و نەخشەی زەوییەکان ئامادەکراون بۆ ئەوەی زەوی بەسەر 11 هەزار فەرمانبەری دیکە دابەش بکەن و پرۆسەکە کۆتایی دێت.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان ئاشکراشی کرد، بەشێک لە فەرمانبەرانی سنووری شارەدێکانی پێ باز، مەیدان، ساڵح ئاغا و گردەگۆزینە داوایان کردووە زەوییان لە سەنتەری کەلار بۆ دابین بکرێت، دوای کۆبوونەوە و راوێژ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ داواکارییەکەیان جێبەجێ دەکرێت. بە گوێرەی رێنماییەکانیش هەر شارەوانییەک زەوی پێویستی بۆ دابەشکردن نەبوو، دەتواندرێت لە نزکترین شارەوانی زەوی بۆ دابین بکرێت.

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 27 ـی ئاداری ساڵی 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردەوە و هەر فەرمانبەرێک هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و پێشتر سوودمەند نەبووبێت، زەوییەکی بە رووبەری 200 مەترسی پێدەدرێت.