زانکۆیەکی ئوسترالیا: یاریدەدەری فڕۆکەوانی فڵای دوبەی خوێندنی لە ئوسترالیا تەواو نەکردووە
زانکۆی (RMIT)ی ئوسترالی ئاشکرای کرد، یاریدەدەری فڕۆکەوانی کۆمپانیای فڵای دوبەی، کە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی خۆکوژی لەسەر هێڵێکی ئاسمانی بەرەو ئیسرائیل، خوێندنی زانکۆی لە ئوسترالیا تەواو نەکردووە.
ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ" لە سەرچاوەی بەیاننامەیەکی زانکۆی (RMIT)ی ئوسترالییەوە بڵاوی کردەوە، هومام ئەلهومامی، یاریدەدەری فڕۆکەوانی عومانی کە تەمەنی 29 ساڵە و تۆمەتبارە بە هێرشکردنە سەر فڕۆکەوانی سەرەکی لە کاتی گەشتەکەدا، لە زانکۆکەیان خوێندکاری ئەندازیاری بووە، بەڵام پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی تەواو نەکردووە.
ماوەی مانەوەی هومامی لە ئوسترالیا بووەتە جێی سەرنجی لێکۆڵەران و لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت ئایا ماوەی مانەوەی لەو وڵاتە کاریگەریی هەبووە لەسەر توندڕەوبوونی یان نا.
زانکۆکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئاگاداری راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانن سەبارەت بە تێوەگلانی خوێندکارێکی پێشوویان لە رووداوەکەی فڕۆکەی (Flydubai)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکانەوە ناتوانن وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکەن.
ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەلهومامی لە ئیمارات بەردەوامە. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش رایگەیاندووە کە دەزگای ئاسایشی ئیمارات، کە راستەوخۆ سەر بە محەمەد بن زایدە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی گرتووەتە دەست. پێشتریش دەسەڵاتدارانی سعوودیە رایانگەیاندبوو کە ناوبراو لەگەڵ فڕۆکەوانە هیندییەکەی هاوڕێی رادەستی ئیمارات کراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "ئەسۆشییەتد پرێس" لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە ئەلهەمامی بە ئێرانەوە ببەستێتەوە. دیپلۆماتکارێکی کەنداڤیش ئاماژەی بەوە داوە کە لێکۆڵەران هەوڵ دەدەن دیاری بکه ن ئایا بە تەنیا ئامادەکاریی کردووە یان پەیوەندیی بە کۆمەڵە توندڕەوەکانەوە هەبووە.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکەوانە عومانییە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا گوتوویەتی، پلانی دانابوو فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی بن گوریون تێکبشکێنێت، بۆیە لە ئاسمانی ئوردن و نزیک ئیسرائیل هێرشەکەی کردووە و دانی بە تاوانەکە ناوە.