هەوڵی بەنێودەوڵەتیکردنی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەدرێت
بە ئامانجی فراوانکردن و بەنێودەوڵەتیکردنی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە بانگهێشتنامەیان بۆ وڵاتانی دەرەوە ناردووە، هاوکات لە وەڵامی گلەیی بەشێک لە فرۆشیاراندا رایدەگەیەنن، شوێن بۆ هەموو خاوەن باخێکی هەنار دابینکراوە و هیچ جووتیارێک بێبەش نەکراوە.
دوای ئەوەی ژمارەیەک فرۆشیار و پیشەوەر گلەییان کرد لە دەستنەکەوتنی کەپر بۆ 12ـەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 وەڵامی ئەو گلەییانەی دایەوە.
ستار مەحموود، ئاماژەی بەوە دا، ئاگاداری گلەیی ئەو فرۆشیارانەن و ئەوانە هیچیان جووتیار نین، هیچ جووتیارێکی هەڵەبجە بێبەش نەکراوە و ناوی تۆمار کراوە، بەتایبەتی ئەوانەی باخی هەناریان هەیە. هەروەها گوتی، فێستیڤاڵی ئەمساڵی هەنار لە 500 کەپر پێکدێت و نزیکەی 1600 کەس داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ بەشداریکردن.
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی کەپرەکان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، دابەشکردنەکە بەشێوەیەکە 250 کەپر بۆ کەرتی کشتوکاڵی و 250 کەپریش بۆ کارە دەستییەکان و خواردەمەنییەکان دانراون، بەڵام بەشی زۆری فێستیڤاڵەکە بۆ هەنار تەرخان کراوە.
لەبارەی هەنگاوەکان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی فێستیڤاڵەکە، ستار مەحموود، رایگەیاند، بانگهێشتنامەیان بۆ هەموو کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان ناردووە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی هەنار بەرهەم دەهێنن، بۆ ئەوەی دوو جووتیاری نموونەیی هەر وڵاتێک بەشداریی فێستیڤاڵەکە بکەن.
باسی لەوەش کرد، چاویان لە بەنێودەوڵەتیکردنی فێستیڤاڵەکەیە و ناکرێت تەنیا جووتیار و فرۆشیارانی شارەکە بەشداریی تێدا بکەن، چونکە ساڵی رابردووش جووتیاران لە وڵاتانی دراوسێ و باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانەوە بەشدارییان کردووە.
سەبارەت بە پێدانی کەپرەکان بە خەڵکی دەرەوەی هەڵەبجە، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە ئاشکرای کرد، بارمتەیەک لە بەشداربووان وەردەگیرێت و لە کۆتاییدا کاتێک خەرجییەکان و تێچووی فێستیڤاڵ پاکتاوی دارایی دەکرێن، بەشی زۆری پارەکە بۆ بەشداربووان دەگەڕێندرێتەوە، وەک ساڵی رابردوو تەنیا 5%ـی پارەکە لە جووتیاران وەرگیرا.
لە کۆتایی گوتەکانیدا ستار مەحموود، باسی لەوە کرد، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە 12ـەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە رێکدەخرێت، بەڵام چاوەڕێی پێگەیشتنی هەنار و رەوشی کەشوهەوا دەکەن و دەیانەوێت لە رۆژانی چالاکییەکەدا کەشوهەوا گونجاو بێت.
فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە یەکێکە لە گەورەترین رووداوە کشتوکاڵی و کولتوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە وەرزی پاییزدا و بە شێوەیەکی گشتی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە رێکدەخرێت و ئەمساڵ 12ـەمین خولی بەڕێوەدەچێت. ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکی باشە بۆ جووتیاران بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بەتایبەتی هەنار کە بەرهەمێکی ستراتیژیی ناوچەکەیە.