بەهۆی هێرشێکەوە هەناردەی نەوتی سعوودیە راگیرا

ئەمڕۆ، گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بۆڕیی رۆژهەڵات - رۆژئاوای سعوودیە جارێکی دیکە راوەستا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو دامەزراوە ستراتیژییە کرایە ئامانج.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرتی وزە بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، هێرشکرایە سەر بۆڕیی نەوتی رۆژهەڵات - رۆژئاوای سعوودیە، ئاماژەی بەوەش کرد، لەهێرشەکەدا وێستگەیەکی پاڵاوتنی لە خورەیس لە رۆژهەڵاتی ریاز کراوەتە ئامانج.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، وێستگەکە پێشتر نەکرابووە ئامانج، ئێستا زیانەکانی بەهۆی هێرشەکەوە گەورەن و پرۆسەی پاڵاوتن جارێکی دیکە پەکیکەوتووە.

ئەم بۆڕییە ستراتیژییە رێگە بە سعوودیە دەدات نەوتەکەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەوە بۆ دەریای سوور بگوازێتەوە، بێ ئەوەی پێویست بکات بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بێت.

بۆڕی ڕۆژهەڵات-رۆژئاوا بە درێژایی نزیکەی 1,200 کیلۆمەتر، کێڵگە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سعوودیە بە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور دەبەستێتەوە و وەک رێگەیەکی گرنگی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت سەیر دەکرێت، کە بەم هۆیەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە بەتەواوی پشت بە گەرووی هورمز نابەسترێت.

ئەم هێرشە درۆنییانە بۆ سەر وێستگەکانی بۆڕییەکە لە کاتێکدایە، گەرووی هورمز بەهۆی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە لەو دۆخەدا، سعوودیە ناچار بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن، پشت بەم بۆڕییە ببەستێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی سعوودیە، هێرشە درۆنییەکان لە دەرەوەی خاکی سعوودیە دەکرێن هەندێک جار لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون و هەندێکی دیکە لە یەمەنەوە بووە.