وەزارەتی دارایی لە بودجەدا 100 دۆلاری بە 150 هەزار دینار دیاریکردووە
حکوومەتی عێراق ماوەیەک بەر لە ئێستا بڕیاریدا دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بەو وەبەرهێنەرانە بدات کە پڕۆژەی نیشتەجێبوونیان هەیە، هاوکات هاووڵاتییانیش پابەند کراون قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەو نرخە بە وەبەرهێنەران بدەنەوە. ئەم بڕیارە ئێستا لە عێراق کاری پێ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە جیاوازە. بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، بانکی ناوەندی هیچ ئۆفەرێکی بۆ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان نییە تا دۆلار بە نرخی فەرمی پێیان بدات و هاووڵاتییانیش بتوانن قیستەکانیان بەو نرخە بدەنەوە.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنەرانی سەرپشک کردووە بڕیار بدەن قیستەکان بە نرخی فەرمیی دۆلار یان بە نرخی بازاڕ وەردەگرنەوە.
ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت قیست بە نرخی بانکی ناوەندی وەربگرنەوە، دەبێت کۆمپانیاکانیان لە بەغدا تۆمار بکەن و ساڵانە باج بە حکوومەتی عێراق بدەن. ئەم رێکارە وەبەرهێنەران ناچار دەکات دووجار باج بدەن، چونکە دەبێت لە پاڵ باجی حکوومەتی عێراق، باجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بدەن.
بەم شێوەیە، بەهۆی ئەو بارگرانییە دارایی و رێکارە یاساییانەی لە بەغداوە بۆ وەبەرهێنەران دیاری کراوە، بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت.