لە تورکیا جانتای دژەگوللـە بۆ قوتابییان دروست دەکرێت

بەهۆی ترسی بەردەوام لە هێرشی چەکداری بۆ سەر ناوەندەکانی خوێندن، کۆمپانیایەکی تورکی جانتایەکی قوتابخانەی دژەگولـــلەی بەرهەمهێناوە بە ئامانجی پاراستنی گیانی قوتابییان لە کاتی مەترسیدا.

کۆمپانیایەکی بواری پیشەسازیی بەرگری لە تورکیا، بەرهەمهێنانی جانتایەکی نوێی قوتابخانەی راگەیاند، لە تاقیگە نێودەوڵەتییەکاندا تاقیکراوەتەوە و کێشەکەی تەنیا 300 گرام لە جانتای ئاسایی زیاترە. ئەم بەرهەمە توانای هەیە بەرگری لە فیشەکی کالیبەری جیاواز و چەقۆ و پارچەی تەقینەوە بکات، بێ ئەوەی هیچ ئاستەنگییەک بۆ هاتوچۆی قوتابییان دروست بکات.

لەم بارەیەوە محەممەد ئەڤجی، پسپۆڕی پەرەپێدانی پڕۆژەکە، روونیکردەوە، لە کاتی مەترسیدا ئەم جانتایە بە تەواوی دەبێتە پەناگەی قوتابییەکە. باسی لەوەش کرد، ئەم داهێنانە نیشانی دەدات چۆن توندوتیژیی چەکداری ئامرازی فێربوونی منداڵانی لە هەڵگرتنی پێنووس و دەفتەرەوە، گۆڕیوە بۆ قەڵغانێک بۆ دەربازبوون لە مەرگ.


بیرۆکەی بەرهەمهێنانی جانتای دژەگوللــە بۆ قوتابییان لە بنەڕەتدا لە ئەمریکاوە سەری هەڵداوە، بەتایبەتی دوای زیادبوونی رووداوەکانی تەقەکردن لە ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکان لەو وڵاتەدا. کۆمپانیاکانی بواری ئاسایش و بەرگری، وەکوو چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی قوربانییان لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکاندا، دەستیان بە دروستکردنی ئەم جۆرە جانتایانە کرد و بازاڕێکی گەورەیان بۆ پەیدا بوو. 

لە ئێستاشدا بەهۆی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، چەندین کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازی و بەرگری لە وڵاتانی دیکەی وەکوو تورکیا و ئیسرائیل دەستیان بە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە جانتایانە کردووە. جانتاکان بە جۆرێک دروست دەکرێن قورس نەبن و لە رووکەشدا هاوشێوەی جانتای ئاسایین، بەڵام لە ناوەوە ماددەی بەهێزی دژەگولـــلەیان تێدا جێگیر کراوە توانای راگرتنی گوللــە و پارچەی مەترسیداری هەیە.